زیلینسکی: ئەگەر رووسیا ئەم کارە بکات هیچ دەرفەتێك بۆ دانووستان نامێنێت

"ئێمە یەکگرتووین و ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر متمانەمان بە خۆمانە"
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرایکرد، رووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی سەربازە دیلەکانی ئۆکرانیا لە شاری ماریوپۆل دادگایی بکات و ئەمەشی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سووکایەتیکردن بە نیشتمانپەروەرانی وڵاتەکەی ناوبرد.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداری دایە رووسیا لەوەی ئۆکرانیا بەرگەی ئەو سووکایەتییە ناگرێت و داوای کرد سەربازە دیلەکان دادگایی نەکرێن.

جەختیشی کردوە لەوەی، ئۆکرانییەکان یەکگرتوون و لەماوەیەکی نزیکدا سەردەکەون.

زیلینسکی گوتیشی: راپۆرتی ئەوەمان پێگەیشتووە، رووسیا ئامادەکاری دەکات تا لە ماریۆپۆل بەرگریکارانی ئۆکرانیا و سەربازە دیلەکانمان دادگایی بکات، ئەگەر ئەم دادگاییکردنە نەفرەتلێکراوە رووبدات، بە مانای خراپ بەکارهێنانی یاسای نێودەوڵەتی دێت و ئەوەش وادەکات دەرفەت بۆ هیچ دانووستانێک نەمێنێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشدا، "نزیکەی شەش مانگە شەڕ دەکەین، زۆرینەی رەهای گەلەکەمان لەو باوەڕەداین کە ئۆکرانیا سەردەکەوێت، چونکە ئێمە یەکگرتووین و ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر متمانەمان بە خۆمانە".