لایەنە سیاسییەکان چاوەڕێی پەرلەمانی کوردستانن

پارتی ئامادەی هەڵبژاردنە و داکۆکی لە مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەکاتەوە

K24 – هەولێر

تەواوی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەوە کۆکن کە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان هەموار بکرێتەوە و ئێستا چاوەڕێی کۆتاییهاتنی پشووی پەرلەمانی کوردستانن.

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردەوە کە هەموارکرنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، گرێدراوی یەکن.

ئەو، بە کوردستان24 دەڵێت: ئێستا هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن کۆکن، ئەوە گرنگترین خاڵە، تەنیا وردەکاری ناو یاساکە ماوە و ئەویش لە ناو هۆڵی پەرلەماندا یەکلا دەبێتەوە.

بە پێی لێدوانی دڵشاد شەهاب، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان ئێستا لە پشوو نەبووایە، پێویست بوو یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری پەرلەماندا بوایە.

دەستپێشخەریی پارتی

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، یاسای هەڵبژاردن و بەتایبەت ئەو مادە و بڕگانەی پەیوەندیان بە بازنەی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان هەیە، خاڵی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانن.   

بە پێی یاسای "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان – عێراق"، هەڵبژاردن بە دەنگدانی نهینیی راستەوخۆ و بە پێی سیستەمی لیستی کراوەی سنووردار و بە شێوەی تاکبازنەیی ئەنجام دەدرێت.

رۆژی 1ی ئابی، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جێنین هێنس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری عێراق كرد.

وەک دڵشاد شەهاب دەڵێت، سەرۆک بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا دەستپێشخەرییەکی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند.

سەرۆک بارزانی، لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بە جێنین هێنس پلاسخارتی گوتبوو: دەبێت بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن نەمێنن و هەڵبژاردن لە زووترین كاتدا ئەنجام بدرێت و مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیش پارێزراو بێت. بۆ ئەو مەبەستەش پارتی ئامادەیە تەنانەت سبەی هەڵبژاردن بكرێت.

هەڵبژاردن بە شێوازی "رێژەیی تێکەڵە"

پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوازی "رێژەیی تێکەڵە" پێشکەش دەکات. بە گوێرەی پێشنیازەکە 50 کورسی پەرلەمان بە لیستی داخراو و یەک بازنەیی هەڵبژێردرێن و 50 کورسییەکەی دیکەش بە شێوەی لیستی کراوە و فرەبازنەیی بێت.

هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رۆژی 11ی ئاب بە کوردستان24ی راگەیاند: پێشنیازەکەی پارتی چارەسەرێکی گونجاوە بۆ هەردوو خواستی سیستەمی هەڵبژاردنی فرەبازنەیی و تاکبازنەیی، ناوەڕۆکی پێشنیازەکە بریتییە لە دوو شێواز، یەکەمیان 50 کورسی کە دەکاتە %50 کورسی پەرلەمانی بەشێوازی یەک بازنەیی نیشتمانی بێت. شێوازی دووەم فرەبازنەیی بێت لەسەر ئاستی پارێزگاکان دابەش بکرێت کە %50ی کورسییەکان لە خۆدەگرێت".

ئەو راشیگەیاند: رەنگە شرۆڤەی جیاجیا بۆ ئەو پێشنیازەی پارتی بکرێت، دەگوترێت ئەو سیستمە پێشتر بە کار نەهاتووە، بەڵام ئەمە سیستەمی رێژەیی تێکەڵە کە بە (M.M.P) ناسراوە و لە زۆر وڵاتان پەیڕەو کراوە"

سەبارەت بە مافی پێکهاتەکان گوتی: "پارتی هەمیشە بۆچوونی وایە دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن، داواکاری ئەوان ئێستا ئەوەیە کە هەڵبژاردن تاکبازنەیی نیشتمانی بێت و لە هەموو شوێنێک بتوانن دەنگ بە کاندیدەکانیان بدەن، هەروەها بەشێوازی لیستی داخراو بێت، بۆ ئەوەی خەڵکی دیار و شایستە بنێردرێتە پەرلەمان، ئەمەش داوای زۆربەی لایەنەکانە.