ئێران چاوەڕێی وەڵامی ئەمەریکایە

سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، لەگەڵ سەرۆکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا گفتوگۆی کرد
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دەرەنجامی دانوستانەکان و رێککەوتنی ئەتۆمیی رایگەیاند کە تا ئێستا یەکێتی ئەوروپا وەڵامی ویلایەیە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای بەدەست نەگەیشتووە.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: تا ئێستا وەڵامی لایەنی بەرامبەر و بە تایبەت ئەمەریکییەکان بۆ پێشنیاری لایەنی ئەوروپی نەگەیشتووە، کاتێک دەتوانین قسە لە سەرکەوتووبوونی دانوستانەکان بکەین کە ئەوروپییەکان وەڵامی ئەمەریکایان بەدەست گەیشتبێت.

کەنعانی، لەبارەی ئەو پرسانەی کە دانوستانیان لەسەر نەکراوە، دەڵێت: رەنگە ئەو ژمارەی پرسانە کەم بن، بەڵام پرسی گرنگن و دەبێت دانوستان و رێککەوتنیان لەسەر بکرێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەفتەی رابردوو رایگەیاند، وەڵامی پێشنیارە نوێیەکەی یەکێتی ئەوروپای داوەتەوە و ئێستاش چاوەڕێی وەڵامی ئەمەریکایە.

میدیا ئەمەریکییەکان بڵاویانکردەوە کە واشنتن لەو چەند رۆژەی دواییدا لە هەوڵی بەدەستهێنانی متمانەی ئیسرائیلە لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.

رۆژی 21ی ئاب، جۆو بایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە پەیوەندی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران گفتوگۆی کرد.