زیاتر لە 60 ھەزار پارچە زەوی لە سنووری سلێمانی داگیركراون

ژمارەیەک لەو زەوییانە دوای وەرگرتن مامەڵەیان پێوەکراوە
چەند پارچە زەوییەکی سلێمانی
چەند پارچە زەوییەکی سلێمانی

K24 - سلێمانی

بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای پێكھێنانی لیژنەیەكی باڵای ئیداری دەكەن، بۆ ئەوەی رێگری لە داگیركردنی زەوییەكان و موڵك و ماڵی ھاووڵاتییان بكەن لە سلێمانی. بە گوێرەی زانیارییەكانی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 60 ھەزار پارچە زەوی لە سنووری سلێمانی بە نایاسایی داگیركراون.

داگیركردنی بەشێكی بەرچاوی زەوی لە پارێزگای سلێمانی بەشێوە نایاسایی، بووەتە پرسێكی هەنوکەیی و رۆژانە باسوخواسی لەبارەوە دەکرێت.

زیاد حەمە رەزا، جێگری سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەر کەسێک لەم شارە دەستڕۆشتوو بووە زێدەڕۆیی کردووەتە سەر زەوییەکان، بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 60 هەزار پارچە زەوی بە نایاسایی داگیرکراوە".

بۆ رێگریکردن لە داگیركردنی زەوی لە پارێزگای سلێمانی، داواكرێت تاكو حاڵەتەكان لەوەی هەیە زیاتر مەترسیدارتر نەبێت، لیژنەیەك لە ئاستی باڵا و لەلایەن حكومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانەوە پێکبهێنرێت.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "کەسێک بەرپرس بێت بەناوی پۆلیس، پێشمەرگە و ئاسایش زەوی وەربگرێت و بیکات بە پڕۆژە  و بۆ بەرژەوەندی شەخسی بەکاریبێنێت، لە هەمانکاتدا خەڵکی لەسەر بترسێنێ و بتۆقێنێت ئەوە کارەساتێکی گەورەیە و نابێ قبووڵ بکرێت".

بەگوێرەی‌ ئەو زانیاریانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، زۆرێك لە زەوییانەی داگیركراون دەكەونە سنووری ناوچەکانی كانی گۆمە، كەنەسوورە، بەكرەجۆم راپەڕین و تاسلوجە. بەناوی قوربانیانی شەڕی داعش بەشێك لەم زەویانە وەرگیراون و دواتریش بەشێوەی نایاسایی فرۆشراونەتەوە و مامەڵەیان پێوەكراوە.