پارێزگاری ورمێ سەردانی هەولێر دەکات

K24 - ههولێر
ئهمڕۆ پارێزگاری ورمێ، بە سەرۆکایەتی شاندێك گەیشتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دواتر سەردانی ههولێر دهكات و لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر كۆدهبێتهوه.
تەیفور محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 ریگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 22/8/2022، محەمەد ساڵح موعتەمیدیان پارێزگاری ورمێ لە رێگەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران گەیشتە هەرێمی کوردستان و بە یاوەری نەسروڵڵا رەشنودی سەرکونسوڵی ئێران لە هەولێر و شاندێک سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان کرد، لە دیدارێکدا لەگەڵ هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرپرسانی دیکەی ئیدارەی سۆران جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری کردەوە".
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشکرد: "هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بوو".
بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ پارێزگاری ورمێ سەردانی هەولێر بکات، نەورەس عەبدوڵڵا پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر گوتی: "لهگهڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر كۆدەبێتەوە و ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر باشترکردنی جموجۆڵی بازرگانی، پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و ورمێی رۆژههڵاتی كوردستان".
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، دووەمین جارە پارێزگاری ورمێ سەردانی هەولێر دەکات. لە كۆتایی ساڵی رابردوو بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و ئاسانکاری لە بواری بازرگانی، رێککەوتنێکی 14 خاڵی لەنێوان پارێزگای هەولێر و ورمێ واژۆکرا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و پاێزگاری ورمێ، لە ناوەندی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە و لەسەر 14 خاڵ رێککەوتن، ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بریتییبوو لە ئاسانکاری زیاتر و چارەسەرکردنی گرفتەکانی کەرتی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویکردووەتەوە، هەناردەی کاڵا و کەلوپەل لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە ساڵانە نزیکەی 480 ملیۆن دۆلارە، بەرپرسانی ئێران پلانیان هەیە تاوەکو ساڵی 2023 بگەیێننە 2 ملیار دۆلار.