لیژنەی هاوبەش بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و کارگەکان پێکدەهێندرێت

هەوڵی راکێشانی کارەبا بۆ ناوچە پیشەسازییەکان دەدرێت

K24 – هەولێر

وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کارەبا، لیژنەیەکی هاوبەش بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی و کارگەکان پێکدێنن، بە مەرجێک ئەو پاڵپشتیکردنە کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخەکان هەبێت.  

 کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازیی لە کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد.

راکێشانی کارەبا بۆ ناوچە پیشەسازییەکان، پاڵپشتیکردنی کرێی کارەبای کەرتی پیشەسازی، بەتایبەتی کارگە بچووک و مامناوەندەکان و گرەنتیکردنی کرێکارانی ناوخۆیی و بیانیی کۆمپانیاکان، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوون.

وەزیری کارەبا، ئامادەیی وەزارەتی بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی خۆماڵی پێشاندا، بە مەرجێک کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخەکان بێت.

بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی كارەبا و بازرگانی و پیشەسازی، بەتایبەتی بۆ پاڵپشتیکردنی کارگە بچووک و مام ناوەندەکان پێکدەهێنرێت.

کوێستان محەمەد، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە وەکالەت، گوتی: رەچاوی دۆخی کارەبا دەکەین، پاڵپشتی لە بەرهەمی خۆماڵی و کارگەکان کە رۆڵیان لە بووژانەوەی ئابووری، رەخساندنی دەرفەتی کار، هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و دابینکردنی بژێوی ژیان هەیە، گرنگە.