جۆزێپ بۆرێل: وەڵامی ئێران بۆ پێشنیارەکەی ئەوروپا گونجاو بوو

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و وەزیری دەرەوەی ئێران
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و وەزیری دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، وەڵامی ئێرانی بۆ دواپێشنیاری ئەوروپا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بە "گونجاو" ناوهێنا.

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری جۆزێپ بۆرێل، بڵاویکردەوە: پێشنیارێک لەلایەن منەوە وەک رێکخەری دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمەریکا خرایەڕوو و وەڵامێکم لە ئێران پێگەیشت کە بە بڕوام گونجاو بوو.

ئەو، رایگەیاند کە وەڵامەکەی ئێران بۆ بەرپرسانی ئەمەریکی نێردراوە، بەڵام "ئەوان تا ئێستا وەڵامی فەرمیان نەبووە".

ئەمڕۆ (دووشەممە 22ی ئاب)، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دەرەنجامی دانوستانەکان و رێککەوتنی ئەتۆمیی رایگەیاند: تا ئێستا وەڵامی لایەنی بەرامبەر و بە تایبەت ئەمەریکییەکان بۆ پێشنیاری لایەنی ئەوروپی نەگەیشتووە، کاتێک دەتوانین قسە لە سەرکەوتووبوونی دانوستانەکان بکەین کە ئەوروپییەکان وەڵامی ئەمەریکایان بەدەست گەیشتبێت.

کەنعانی، لەبارەی ئەو پرسانەی کە دانوستانیان لەسەر نەکراوە، دەڵێت: رەنگە ئەو ژمارەی پرسانە کەم بن، بەڵام پرسی گرنگن و دەبێت دانوستان و رێککەوتنیان لەسەر بکرێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەفتەی رابردوو رایگەیاند، وەڵامی پێشنیارە نوێیەکەی یەکێتی ئەوروپای داوەتەوە و ئێستاش چاوەڕێی وەڵامی ئەمەریکایە.

میدیا ئەمەریکییەکان بڵاویانکردەوە کە واشنتن لەو چەند رۆژەی دواییدا لە هەوڵی بەدەستهێنانی متمانەی ئیسرائیلە لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.

رۆژی 21ی ئاب، جۆو بایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا  لە پەیوەندی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران گفتوگۆی کرد.