سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی نوێی ئەمەریكا لە هەولێر دەكات

جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا كرایەوە
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ کۆنسولی نوێی ئەمەریکا لە کوردستان
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ کۆنسولی نوێی ئەمەریکا لە کوردستان

K24 – هەولێر

ڕۆژی دووشەممە 22ی ئابی 2022 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە ئێرڤن هیكس كونسوڵی تازەی ئەمەریكا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەبوو بۆ گەییشتن بە ئازادی و ڕووبەڕووبوونەوەی دیكتاتۆرییەت. راشیگەیاند، گەیشتن بە بەختەوەری و ئازادیخوازی دوو خاڵی هاوبەشی نێوان گەلی ئەمەریكا و گەلی كوردستانن. سەرۆك بارزانیش جەختی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان خاوەن دۆزێكی ڕەوایە و لەپێناو ئەو دۆزەدا ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیدانێكە.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا كرایەوە و كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر باسی لە هاوكاری و هەماهەنگییەكانی وڵاتەكەی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە بواری گەشەپێدانی كەرتی تایبەت و دەرفەتی كار بۆ هاووڵاتیان.

.