فەرماندەیەکی دیکەی سوپای پاسداران لە سووریا کوژرا

رۆژانی داهاتوودا تەرمی "ئەبولفەزل عەلیجانی" بۆ ئێران دەگوازرێتەوە
حکومەتی ئێران ناوی "بەرگریکارانی حەرەم"ی لەو هێزانەی خۆی ناوە کە لە سووریا جێگیری کردوون
حکومەتی ئێران ناوی "بەرگریکارانی حەرەم"ی لەو هێزانەی خۆی ناوە کە لە سووریا جێگیری کردوون

K24- هەولێر

میدیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، بڵاویانکردەوە کە فەرماندەیەکی باڵای ئەو سوپایە لە سووریا کوژراوە.

ئاژانسی دیفاعی موقەدەس (دیفاع پرێس)، بڵاویکردەوە کە "ئەبولفەزل عەلیجانی" یەک لە فەرماندەکانی هێزی وشکانی سوپای ئیسفەهان، رۆژی یەکشەممە (21ی ئاب) لە کاتی "بەرگریکردن لە حەرەم"، کوژراوە.

حکومەتی ئێران ناوی "بەرگریکارانی حەرەم"ی لەو هێزانەی خۆی ناوە کە لە سووریا جێگیری کردوون و دەڵێت، ئەو هێزانەی بۆ بەرگری لە حەرەمی زەینەب، خوشکی ئیمامانی دووەم و سێیەمی شیعەکان لە بەرامبەر هێرشی سەلەفییەکاندا بۆ ئەو وڵات ناردووە.

ئاژانسی دیفاعی موقەدەس، زانیاری لەبارەی شوێن و چۆنییەنی کوژرانی ئەو فەرماندەیە بڵاونەکردووەتەوە و تەنها باسی لە پێشینەی کاریی ئەو کردووە و لەوبارەیەوە نووسیویەتی: عەلیجانی لە ساڵی 2011ـەوە لە ناوەندی راهێنانی ئەندازیاری سەربازی زانکۆی زانست و تەکنیکی ئەمیرئەلموئمنینی هێزی وشکانی سوپای پاسداران، کاری کردووە.  

ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە کە لە رۆژانی داهاتوودا تەرمی "ئەبولفەزل عەلیجانی" بۆ ئێران دەگوازرێتەوە و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بەڕێوەدەچێت.

هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سووریا، چەندین جار بوونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل. حکومەتی تەلئەبیب بەردەوام دووپاتیکردووەتەوە کە رێگە بە جێگیربوونی هێزی سەربازیی ئێران لە نزیک سنوورەکانی خۆی نادات و بۆیە هەندێ جار هێزە ئیرانییەکان یان چەکدارانی نزیک لەو وڵاتە لە سووریا، دەکاتە ئامانج.