لایەنگرانی سەدر چوونە بەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەری

خۆپێشاندەران دەیانەوێت لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق خێوەت هەڵبدەن
لایەنگرێکی سەدر لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق
لایەنگرێکی سەدر لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق

K24- هەولێر 

لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، چوونە بەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەغدا. 

شیڤان جەباری پەیامنێری کوردستان ٢٤ لە بەغدا، رایگەیاند کە بەیانیی رۆژی سێشەممە 23ی ئاب، لایەنگرانی سەدر چوونەتە بەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەری. 

نزیک بە مانگێکە لایەنگرانی موقتەدا سەدر، لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مانیانگرتووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن. 

پێشتر موقتەدا سەدر، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کردبوو، بەڵام ئەو داوایەی سەدر لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە رەتکرایەوە.

ئەنجوومەنی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، "دەستەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان نییە".

چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێش لە خۆپێشاندانی ئەمدواییەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، ئەو داوایەیان ئاراستەی دادگای فیدراڵی کردبوو. ئەوان، دووپاتیان کردووەتەوە کە ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا سەرکەوتوو نەبووە، هەر بۆیە ئەو ئەنجوومەنە دەبێ "هەڵبوەشێتەوە".

رۆژی 17ی ئاب، دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاری دواخستنی بڕیاردانەکە بۆ 30ی ئاب درا.

.
.
.