سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان گفتوگۆ لەبارەی نووسینەوەی دەستوور دەکەن

تاوتوێی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکرێت
پەرلەمانی کوردستان
پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان لەبارەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆببنەوە و پرسی نووسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو، پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردن و راپرسی مژاری سەرەکی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان بێت.

مونا قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەم خولەدا پەرلەمانی کوردستان بڕیاریداوە کە خاوەنی دەستووربین، چونکە بوونی دەستوور واتە بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "راوبۆچوونی لایەنەکان لەبارەی نووسینەوەی دەستوور لە یەکتر نزیکە، ئێستا پەرلەمان کە نزیک دەبێتەوە لە وەرزی یاسادانان، بە پێویستمان زانی وەک دەستەی سەرۆکایەتی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆببینەوە و گفتوگۆ لەسەر پێشنیاز و پڕۆژە یاساکان بکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بابەتی نووسینەوەی دەستوور بە روون و راشکاوی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لایەنەکان سەرپشک لەسەر دانانی لیژنەکە، هەر ئەندامانی پێشتربن یان ئەندامەکان دەگۆڕن، هەموو هەوڵێک دەدرێت پێش تەواوبوونی ئەم خولەی پەرلەمان هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی".