كوردستان24 ناوی قوربانیانی تۆپبارانی ئەمڕۆی ئێران بڵاودەكاتەوە

K24 - چۆمان

بەھۆی تۆپبارانەكانی كۆماری ئیسلامی ئیران بۆسەر ناوچە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران و سیدەكان 4 ھاوڵاتی برینداربوون و باری تەندروستی یەكێك لە بریندارەكان ناجێگیرە.

پەیامنێری كوردستان24 لە ناوچەكە رایگەیاند: "بەھۆی بۆردوومانەكانی ئەمڕۆی ئێران 4 ھاوڵاتی لە دەوروبەری حاجی ئۆمەران برینداربوون بە ناوەكانی( ئانی ئیبراھیم تەمەن 10 ساڵ، ناھیدە سوڵتان تەمەن 11 ساڵ، عەلی ئیبراھیم تەمەن 8 ساڵ، كاروان عەبدوڵڵا تەمەن 25 ساڵ).

گوتیشی: "بریندارەكان گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی چۆمان و چارەسەری تەندروستیان بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام یەكێك لە بریندارەكان بەناوی كاروان عەبدوڵڵا، باری تەندروستی نا جێگیرە و پێدەچێت بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەكانی شاری ھەولێر بكرێت".

ئەوەشی رونكردەوە: "ئەو ھاوڵاتیانەی برینداربوونە لەو خێزانە كۆچەریانەن كە ساڵانە بە مەبەستی ئاژەڵداری دێنە كوێستانەكانی ئەو ناوچانە".

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ تۆپخانەكانی ئێران ناوچە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران و سیدەكانیان بۆردوومان كرد، جگە لە برینداربوونی ژمارەیەك ھاوڵاتی ھەندێك لە گوندنشینان ماڵ و حاڵیان جێھێشتووە، ھەر بەو ھۆیەوە ئاگر لەو ناوچانە كەوتەوە و بەشێكی زۆر لە پوش و پەڵاشی ناوچە سووتاوە.