تورکیا: مەرجی پێشوەختەمان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سووریادا نییە

"دەبێت ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سووریا رێکبکەون"
مەولود چاووش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا
مەولود چاووش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا

K24 – هەولێر

مەولود چاووش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رەتیکردەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی، لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا کۆدەبێتەوە. هاوکات دووپاتیکردەوە کە حکومەتەکەی مەرجی پێشوەختەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سووریادا نییە.

چاووش ئۆغلو، رۆژی سێشەممە 23ی ئاب رایگەیاند کە گفتوگۆ لە نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی سووریا و تورکیادا هەیە. ئەو، دووپاتیکردوە، "دەبێت ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سووریا رێکبکەون".

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، رۆژی 20ی ئاب لەکاتی گەڕانەوەی لە ئۆکرانیاوە بۆ وڵاتەکەی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هەرگیز ناتوانرێت واز لە گفتوگۆی سیاسی و دیپلۆماسی لەنێوان وڵاتان بهێنرێت، پێویستە بەزووترین کات ئەو گفتوگۆیە لەنێوان تورکیا و سووریادا ئەنجامبدرێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، ئاشکرایکردووە کە مەرجی پێشوەختەیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سووریادا نییە، بەڵام "پێویستە ئامانجی گفتوگۆکان دیاری بکرێن".

پێشتر نزال قبلان، باڵیۆزی پێشووی سووریا لە تورکیا، بە ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی راگەیاندووە کە کۆبوونەوەکانی سۆچی و تاران، بوونە هۆی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنقەرەدا.

ئەو، پێیوایە بەرپرسانی تورک لەوە تێگەیشتوونە کە ئەگەری گۆڕینی رژێمی سووریا لە رێگەی هێزەوە کۆتایی پێهاتووە، هەر بۆیە بۆچوون و هەڵوێستیان گۆڕانکاری بەسەردا هات.

قبلان، لەبارەی داواکارییەکانی دیمەشق بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا، گوتی: پێویستە تورکیا کۆتایی بە پشتگیری لە گرووپە تیرۆریستییەکان بێنێت و بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئیدلب و بەتایبەت گەرووی "بابولهەوا" و رێگەی "ئێم 4" کە لازیقەی بە حەلەب دەبەستێتەوە، یارمەتی حکومەتی سووریا بدات.

ئەو هەروەها رایگەیاند: دیمەشق دەیەوێت هەموو هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی سووریادا، پاشەکشەیان پێبکرێت و حکومەتی ئەنقەرە لە رێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئەندامێتیی لە ناتۆ، گەمارۆ لەسەر بەرپرسانی دیمەشق و دامەزراوە حکومییەکانی هەڵبگیرێت.

هاوکات عەبدولباسیت حەمۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا، پێیوایە رووسیا لە نزیککردنەوەی حکومەتەکانی ئەنقەرە و دیمەشق رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. ئەو بە کوردستان 24 دەڵێت: رووسیا هەوڵ دەدات تورکیا و سووریا لە یەک نزیک بکاتەوە و هاوکات بە هاوکاری ئێران و قەندیل، هێزی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تێکەڵ بە سوپای سووریا بکات.

هەسەدە، بە باڵی سەربازیی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) ناسراوە و لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان، ناوچەیەکی خۆسەر بەڕێوە دەبەن. تورکیا بەردەوام دووپاتی کردووەتەوە کە پەیەدە، بەشێکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

پێشتر دەستەڵاتدارانی تورکیا لە پەیامێکدا بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، رایانگەیاندبوو کە ئەگەر دیمەشق ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بە فەرمی نەناسێت، ئەنقەرە ئامادەیە پشتگیری کە حکومەتی دیمەشق بکات.