ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دانانی کامێرای تیژڕەوی رەتکردەوە

"پێویستە پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان بڕیارەکە جێبەجێ بکەن"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە زۆرینەی دەنگ، دانانی کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە سنوورەکە رەتکردەوە.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن رەتیانکردەوە بەهیچ شێوەیەک کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان دابنرێت.

سەرۆکی ئەنجومەن هۆکاری دەرکردنی بڕیارەکەشی بۆ خراپی دۆخی دارایی هاووڵاتیان لە پارێزگاکە و دابەشنەکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا و خراپی رێگاوبانەکان و خەرجنەکردنی پارەی بەشێك پڕۆژەکان گەڕاندەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکەیان پاڵپشتە بە بڕگەی سێ لە ماددەی 19 لە یاسای ژمارەی 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاکانی کوردستان، کە پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان پابەند دەکات بڕیارەکەی ئەنجوومەن جێبەجێبکەن.

ئازاد محەمەد ئەمین گوتیشی: "پێشنیازمان کردووە بۆ پەرلەمانی کوردستان رێکاری یاسایی بگرێتەبەر، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرێبەستە".

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختیشکردەوە: "ئەگەر پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان بڕیارەکە جێبەجێ نەکەن، ئەوا ناچارن رێکاری یاسایی بەرامبەریان بگرنەبەر".

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە کۆی 29 ئەندامی ئەنجومەن 26 ئەندام ئامادەبوون، لەگەڵ ئامادەبوونی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی دانانانی کامێراکان لە سنوورەکە.

لە چەند رۆژی رابروودا دانانی کامێرای چاودێری تیژرەوی( خاڵ بۆ خاڵ) لە سنووری پارێزگای سلێمانی کاردانەوەی لێکەتووەتەوە.

رۆژی دووشەممە (22ی ئابی 2022) لەسەر رێگەی نێوان سلێمانی – دووکان، تەقە لە کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی کرا، کە بۆ تاقیکردنەوە دانرابوون، لەسەر رووداوەکە لاوەند فەرەیدوون، پارێزەری کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، کە خاوەنی کامێراکانە بە کوردستان 24ی راگەیاند، سکاڵای یاساییمان تۆمارکردووە.