بڕیاری سەدر لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدا ئاشکرا بوو

موقتەدا سەدر، لە دوو رۆژ پێشترەوە بڕیاریداوە چیتر دەستێوەردان لە کاروباری خۆپێشاندەران نەکات
خۆپێشاندەران لە پێش باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق
خۆپێشاندەران لە پێش باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق

K24 – هەولێر

ساڵح محەمەد عێراقی، لە بەیاننامەیەکدا کاردانەوەی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدری بەرامبەر بە رووداوەکانی ئەمڕۆی بەغدا ئاشکرا کرد.

ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیری سەدر ناسراوە، دەڵێت: هەر کاتێک خۆپێشاندان لە دژی گەندەڵکاران فراوان دەبن، بەپەلە داوای هاوکاری لە سەماحەتی سەدر دەکەن، بەڵام سەماحەتی سەدر لە دوو رۆژ پێشترەوە بڕیاریداوە چیتر دەستێوەردان لە کاروباریان خۆپێشاندەران نەکات.

هەروەها رایگەیاندووە، "لەبەر ئەوەی شۆڕشی عاشوڕا بە خۆڕسکی بەردەوامە، رەنگە سەماحەتی سەدر لە داهاتوودا لە بەرامبەر هەڵپەساردنی کارەکانی دادگا و ئەنجوومەنی دادوەری، بڕیاری راگرتنی کاری لیژنەی سەرپەرشتی خۆپێشاندانەکان بدات.

وەزیرەکەی سەدر، دەڵێت: شەرمە دەسەڵاتی دادوەری و دادگا کارەکانیان لەبەر کۆتاییهێنان بە شۆڕشی چاکسازی رابگرن، نەک لەبەر مەحکومکردنی گەندەڵی و دادگاییکردنی گەندەڵکاران جا سەر بە هەر لایەنێک بێت.

ئەمڕۆ (سێشەممە 23ی ئاب) لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە پێش باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستیان بە خۆپێشاندان کرد.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد کە کاری هەموو دادگاکانی سەر بە ئەنجوومەن و دادگای فیدراڵی هەڵدەپەسێرێت.