ئه‌مه‌ریكا بۆ لایه‌نه عێراقییه‌كان: بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ده‌ستوور
K24 – هه‌ولێر:
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، داوای كرد، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان پابه‌ندی پاراستنی ئارامی بن و خۆیان له توندوتیژی دوور بگرن و بۆ چاره‌سه‌ری كێشه سیاسییه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ده‌ستوور.
ئه‌مڕۆ لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در، چوونه به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق و له كاردانه‌وه‌شدا، ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری سه‌رجه‌م كاره‌كانی خۆی راگرت.
دوای په‌كخستنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق، له ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا، چوونه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له عێراق كاردانه‌وه‌ی لێ كه‌وته‌وه.
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا رایگه‌یاند، "ئێمه به وردیی و له نزیكه‌وه چاودێری ئه‌و راپۆرتانه ده‌كه‌ین له باره‌ی پشێوییه‌كی ئه‌مڕۆی به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری ده‌گه‌ن".
هه‌روه‌ها هاتووه: "هانی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌ده‌ین پابه‌ند بن به پاراستنی ئارامی و خۆیان له توندوتیژی به‌دوور بگرن و چاره‌سه‌ری هه‌ر كێشه‌یه‌كی سیاسی به رێگه‌ی ئاشتیانه و به پشتبه‌ستن به ده‌ستووری عێراق بكه‌ن".
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه: "هه‌روه‌ك چۆن بانگه‌واز له خۆپیشانده‌رانیش ده‌كه‌ین رێز له رێككاره‌كان و موڵكی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی عێراق بگرن، چونكه ئه‌وه موڵكییه‌تیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌لی عێراق و خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌كه‌ن".
دوای درووستبوونی فشار له‌سه‌ر ره‌وتی سه‌در، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ وه‌زیره‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در، له تویتێكدا، داوای له خۆپیشانده‌ران كرد، "له‌به‌ر پاراستنی ناوبانگی شۆڕشگێڕان" له به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری بكشێنه‌وه و به‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.