ئەمەریکا گرووپێکی سەر بە ئێران بۆردومان دەکات

هێرشەکە بە بڕیاری بایدن بووە
دیمەنێکی کاتی بۆردومانەکە
دیمەنێکی کاتی بۆردومانەکە

K24 – واشنتن

سوپای ئەمەریکا ئاشکرای کرد، بە بڕیاری جۆو بایدن ئەمڕۆ گرووپێکی ئێرانیان لە دێرەزوور بۆردومان کردووە.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ سێشەممە 24/8/2022، بە بڕیاری جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، سوپای ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانیان لە دێرزووی سووریا بۆسەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ئەنجامداوە.

بەپێی بەیاننامەکە لەو هێرشەدا گرووپێکی چەکداری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کراوەتە ئامانج و لە لایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکاوە بۆردمان کراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا، ئەو هێرشەکە ئاسمانییە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا بووە، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لە ناوچەکەدا لە لایەن ئەو گرووپانەی سەر بە ئێران دەکرێتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا.

لە راگەیەندراوەکەی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکادا باس لەوە کراوە، واشنتن لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ و پشێویدا نییە، بەڵام هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە خەڵکەکەیان دەگرێتەبەر، ئامانجی هێزەکانی ئەمەریکاش لە سووریا پێناوی تێکشکانی داعشە.

ئەم هێرشەی سوپای ئەمەریکا دوای ئەوەدێت لە 15ی ئەم مانگە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سووریا، هێرشیان کردبووە سەر هێزەکانی ئەمەریکا.