وشکەساڵی ئەمساڵی ئەوروپا لەماوەی 500 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە

وشکەساڵی کاریگەری نەرێنی لەسەر گواستنەوە و گەیاندنی ناوخۆیی، بەرهەمهێنانی کارەبا و هەندێ بەرهەمی کشتوکاڵی هەبووە
وشکبوونی رووبارێک لە ئەڵمانیا بە هۆی وشکەساڵییەوە
وشکبوونی رووبارێک لە ئەڵمانیا بە هۆی وشکەساڵییەوە

K24 – هەولێر

ئاژانسێکی چاودێری سەر بە یەکێتی ئەوروپا، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەمساڵ وشکەساڵییەک ئەوروپای گرتووەتەوە کە لە 500 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.

بە پێی راپۆرتەکە، بە هۆی وشکەساڵییەوە دوو لەسەر سێی کیشوەری ئەوروپا لە حاڵەتی ئاگادارکردنەوەدان و ئەو پرسە کاریگەری نەرێنی لەسەر گواستنەوە و گەیاندنی ناوخۆیی، بەرهەمهێنانی کارەبا و هەندێ بەرهەمی کشتوکاڵی هەبووە.

لە راپۆرتی مانگی ئابی "چاودێری وشکەساڵی ئەوروپا" کە ئاژانسێکی لێکۆڵینەوەی سەر بە یەکێتی ئەوروپایە، ئاشکراکراوە، 47٪ـی کیشوەری ئەوروپا لە دۆخی ئاگادارکردنەوەدان و ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو ناوچانە کەمیی شێی خۆڵیان هەیە، 17٪ـیشی لە دۆخی خۆپارێزی دایە و بەو مانایەیە کە دۆخی وشکەساڵی کاریگەری لەسەر گژ و گیا هەبووە. 

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: وشکەساڵی لە سەرەتای ئەمساڵەوە کاریگەری لەسەر زۆربەی ناوچەکانی ئەوروپا هەبووە، بەڵام لە سەرەتای مانگی ئابەوە کاریگەرییەکە زیاتر و فراوانتر بووە و پێشبینی دەکرێت ئەو دۆخە تا تشرینی دووەمی داهاتوو لە کەنارەکانی دەریای سپی درێژە بکێشێت.

ئەمساڵ زۆربەی ناوچەکانی ئەوروپا، هاوینێکی زۆر گەرمیان هەبووە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، وشکەساڵی، سووتانی دارستان و هەندێ ناچەی نیشتەجێبوونی لێکەوتووەتەوە. ئەمە وایکردووە ئاگادارکردنەوە و داواکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زیاتر بێت.