بافڵ تاڵەبانی: ئەو رووداوانە رەتدەکەینەوە کە بەسەر ئەنجومەنی دادوەری عێراق هات

"پەرۆشین بۆ کاری هاوبەش لەپێناو عێراقێکی فیدڕاڵی سەربەخۆ و پێشکەوتوو"
بافڵ تاڵەبانی
بافڵ تاڵەبانی

K24 - سلێمانی

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، ئەو رووداوانە رەتدەکەینەوە، کە بەسەر ئەنجوومەنی دادوەری لە عێراق هات و پەرۆشن بۆ کاری هاوبەش لەپێناو بونیادنانی عێراقێکی فیدڕاڵی سەربەخۆ و پێشکەوتوو.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەگرنگی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە چاودێری ئەو پێشهاتە سیاسییانەمان کردووە کە لە وڵاتەکەمان روویانداوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو رووداوانە رەتدەکەنەوە، کە بەسەر ئەنجوومەنی دادوەری لە عێراق هات و پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە بکەن.

دەشڵێت: "وەک هەموو هێزە نیشتمانییەکان باوەڕیان بە پێویستی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە و پێشیانوایە بەرپرسیارێتی لایەنە جیاوازەکانە پابەندی ئەم بنەمایانە بن بەتایبەت سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، پارێزگاریکردن لە مافی هاوڵاتییان و دامەزراوە دەستوورییەکانی تر لە وڵاتدا."

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم هەلومەرجەدا پابەندبوونی تەواوی خۆی بە زاڵکردنی دیالۆگ و ئامادەکردنی زەمینەیەکی سیاسیی لەبار دووپات دەکاتەوە، کە لەتوانایدابێت پرۆژەیەکی چاکسازی بەرپابکات، پشت بە بەرنامەیەکی پەسەندکراوی ھەمووان ببەستێت تاوەکو بتوانێت چاکسازی پێویست بەدیبهێنێت و دەست بە بونیادنان و گەشەپێدانی وڵاتمان بکرێت.

سەرۆکی یەکێتی پەرۆشی خۆشی دووپاتکردووەتەوە بۆ هەوڵەکان لەپێناو یەکڕیزی و یەکخستنی تواناکان لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانیی و بەدیهێنانی زەمینەیەکی لەبار بۆ چاکسازی بەشێوەیەک کە خزمەت بە گەل بکات و دەستوور بنەمای کارکردن بێت.

هەروەها بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژە بە رێبازی مام جەلال دەدات و پەرۆشی خۆی بۆ پرەنسیپەکانی کاری نیشتمانیی هاوبەش دووپات دەکاتەوە لەپێناو پاراستنی ئەزموونە تازەکەی دیموکراسی، بونیادنانی عیراقێکی فیدراڵ، سەربەخۆ و پێشکەوتوو.

لەکۆتاییدا جەختدەکاتەوە، "هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە یەکگرتن و دەستپێکردنی دیالۆگێک بە دڵی کراوە و مێشکێکی بەئاگا لەو مەترسییانەی هەڕەشە لە عێراقمان و ئەزموونە سیاسییە دیموکراسییە تازەکەمان دەکات".

دوێنێ 23/8/2022، لایەنگرانی سەدر خۆپیشاندان و مانگرتنیان لە پێش ئەنجومەنی نوێنەران گواستەوە بۆ بەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و ژمارەیەک لە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان ئیدانەیان کرد، ئێوارەی هەمان رۆژ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد لەبەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری بکشێنەوە.