یه‌كگرتوو بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان: لەسەر پرۆژەیەكی هاوبەشی نیشتمانی رێكبكەون

لۆگۆی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
لۆگۆی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان

K24 - هه‌ولێر

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، داوا له‌ لایەنە سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بە زووترین كات لەسەر پڕۆژەیەكی هاوبەشی نیشتمانی رێكبكەون بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە مافە دەستوورییەكانی گه‌لی كورد.

رۆژی سێشەممە، 23ـی ئابی 2022،  ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە سەرۆكایەتی هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجومەن و بە ئامادەبوونی سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی یەکگرتوو ئاماژە بەوەکراوە، له‌ كۆبوونەوەكەدا تیشك خراوه‌ته‌ سەر تەنگژەی سیاسی عێراق و ئەگەر و پێشهاتەكان و كاردانەوەكانی لەسەر ئێستا و ئایندەی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتى، لەو بارەیەوە سەركردایەتی یه‌كگرتوو بە پێویستى دەزانێت لایەنە ناكۆكەكانی پرۆسەی سیاسی عێراق هەرچی زووترە كێشەسیاسیه‌كانی نێوانیان چارەسەربكەن لەسەر بنەمای دەستوور و پارێزگاریكردن لە دامەزراوە دەستوورییەكان و ئەنجامدانی چاكسازی راستەقینە و بە دوورگرتنی وڵات لە تەقینەوەی ناكۆكییەكانیان بەرەو مەترسی توندوتیژی و پێكدادانی چەكدارانە و ماڵوێرانەكەر.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، سەركردایەتی یه‌كگرتوو جەختدەكاتەوە لەوەی كە لایەنە كوردستانییەكان بە زووترین كات لەسەر پرۆژەیەكی هاوبەشی نیشتمانی رێكبكەون بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە مافە دەستوورییەكانی گه‌لی كورد و بەشداربوونێكی كارا لە پرۆسەی سیاسی عێراق و دەستەبەكردنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی مادده‌ی 140.

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان:

بسم الله الرحمن الرحیم

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

رۆژی شەممە بەرواری 23/8/2022 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەرێز د. هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەن و بە ئامادەبوونی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا .

لەتەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر تەنگژەی سیاسی عێراق و ئەگەر و پێشهاتەكان و كاردانەوەكانی لەسەر ئێستا و ئایندەی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتى .. لەو بارەیەوە كۆبوونەوەی سەركردایەتی بە پێویستى دەبینێت كە لایەنە ناكۆكەكانی پرۆسەی سیاسی عێراق هەرچی زووترە كێشەسیاسیه‌كانی نێوانیان چارەسەربكەن لەسەر بنەمای دەستور و پارێزگاریكردن لە دامەزراوە دەستوریەكان و ئەنجامدانی چاكسازی راستەقینە و سنوردانان بۆ گەندەڵكاران و دابینكردنی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەكان بۆ سەرجەم شار و ناوچەكان و كەمكردنەوەی مەینەتیەكانی زۆرینەی زۆری خەڵكی بەش مەینەتی عێراق، و وڵات بە دووربگرن لە تەقینەوەی ناكۆكیەكانیان بەرەو مەترسی توندوتیژی و پێكدادانی چەكدارانەو ماڵوێرانەكەر .

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ كۆبوونەوەی سەركردایەتی جەختدەكاتەوە لەوەی كە لایەنە كوردستانیەكان بە زوترین كات لەسەر پرۆژەیەكی هاوبەشی نیشتمانی رێكبكەون بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە مافە دەستوریەكانی گەلەكەمان و بەشداربوونێكی كارا لە پرۆسەی سیاسی عێراق و دەستەبەكردنی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی مادده‌ی 140.

لەتەوەرەیەكی تردا كۆبوونەوەی سەركردایەتی هەڵوەستەیكرد لەسەر دۆخی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان .. سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو پشتیوانی خۆی دەخاتە پاڵ توڕەیی و بێزاری خەڵكی كوردستان بەرامبەر سیاسەتی نادروستی حزبە دەسەڵاتدارەكان و دیاردەی پاشا گەردانی و یاسا شكێنی لەمومارەسەكردنی حوكمڕانیدا و چارەسەرنەكردنی كێشەكانی دواكەوتنی مووچە و گرانی سوتەمەنی و كاره‌با و زیادبوونی بێكاری و نەبوونی هەلی كار بۆ گەنجان و دانەمەزراندنی وانەبێژ و كارمه‌ندانی خۆبەخش و گرێبه‌ست و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.

 

هەرلەم بارەیەوە سەركردایەتی هەڵوەستەی كرد لەسەر ئامادەنەبوونی پارتی و یەكێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بە بیانوی رێكنەكەوتنیان لەسەر كێشەكانی نێوانیان و گوێ نەدانیان بە جەختكردنەوەی نوێنەری یونامی لە عێراق لەسەر زەرورەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە نزیكترین دەرفەتدا، ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی بە پێویستی دەزانین كە لایەنەكانی دەسەڵات هەرچی زووترە رێكبكەون لەسەر داواكاریەكانی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات بە تایبەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی خاوێن و دوور لەساختەكاری و قۆرخكاری. هه‌روه‌ك جه‌كختكرایه‌وه‌ كه‌ یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كاری هاوبه‌شی پێكه‌وه‌یی بكه‌ن له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ بۆ جه‌ماوه‌ری نارازی و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی وه‌ها كه‌ رێگه‌ خۆشبكات بۆ گۆرانكاری و چاكسازی راسته‌قینه‌ له‌ سیسته‌می حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستاندا.

لە دوا تەوەرەدا كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكگرتوو تیشكی خستە سەركاروباری ناوخۆیی حزب و كار و چالاكیەكانی ئۆرگانە جیاوازەكان، و سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەنجومەن و دەزگا و مەڵبەندەكان و رێكخراوەكان كرد كە لەماوەی رابردوودا بە جوانترین و باشترین شێوه‌ چالاكی و ئەركەكانی خۆیان ئەنجامداوە لەخزمەت توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیدا و له‌ پێناو پارێزگاریكردن لە بەهاباڵاكانی ئاینی ئیسلام و كۆمەڵگە موسڵمانەكەمان لەبەرامبەر شاڵاوی لاوازكردنی دامەزراوەی خێزان و بەلارێدابردنی گەنجان و برەودان بە چەندین دیاردەی دزێو كە دەبنە هۆی تێكدانی سەقامگیری كۆمەڵایەتی ..

لە كۆتاییدا كۆبوونەوەی سەركردایەتی جەختی كردەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هەمیشە بەرگریكارێكی بەهێز و بەردەوام دەبێت لە شوناسی ئیسلامی و بەهاباڵاكانی گەلەكەمان، هاوتەریب لەگەڵ داكۆكیكردن لە بەرژەوەندیە باڵاكانی هەرێمی كوردستان و ماف و داخوازیەكانی خەڵكی كوردستان .

ئەنجومەنی سەركردایەتی

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان