بەهۆی بۆردومانی تورکیا سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا

تورکیا ناوەندی شارۆچکەی تەل رەفعەت بۆردومان دەکات

K24 – هەولێر

سوپای تورکیا لە رێگەی درۆنەوە شارۆچکەی تەل رەفعەت بۆردومان دەکات و سێ هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوەیەک لە شارۆچکەی تەل رەفعەت بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا لە رێگەی درۆنێکەوە ناوەندی تەل رەفعەتی بۆردومان کرد، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا سێ هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا و 7 کەسی دیکەش برینداربوون".

ئەوە لەکاتێکدایە سوپای تورکیا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکات، هێزێکی زۆری لە سنوورەکانی تەل رەفعەت و مەنبج کۆکردووەتەوە و رۆژانە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان دەکات.

شارۆچکەی تەل رەفعەت لە سووریا، بە دووری 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی 2016ـەوە کەوتووەتە ژێردەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات. لەکاتی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە زیاتر لە 125 هەزار هاووڵاتی عەفرین لە تەل رەفعەت و دەوروبەری نیشتەجێن.