بۆ یەکەمجار مۆڵەتی شوفێری لە کوردستان بە سیستەمی دیجیتاڵی دەردەهێندرێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێری کرد و سیستمەکە کاراکرا
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی کردنەوەی سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی کردنەوەی سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر

K24 - هەولێر

بۆ یەکەمجار سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری لە هەرێمی کوردستان کاراکرا و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کاراکردنی ئەو سیستەمە بە قۆناغێکی نوێ و سەردەمیانە ناودەبات. 

کەمێک پێش ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاوەری رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر و بۆ یەکەمجار لە کوردستان سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری دەخرێتە کار.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وردەکاری سیستمی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی کۆڵییەوە و لەلایەن بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر زانیاری لەبارەی سیستەمەکە خرایەڕوو.

مەسرور بارزانی، لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و جێبەجێکار کرد و گوتی: "ماوەیەکە کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەم کارە خزمەتگوازییە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئەنجامبدەن، کە ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ کۆکردنەوەی داتای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، لەمەودوا هەم دەتوانین مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە ئەلیکترۆنی ئەنجامبدەین. هەمیش ئەو سیستەمە دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی دیکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامبدرێن".

سەرۆکی حکومەت، راشیگەیاند: "ئەوەی بینیم و کراوە، ئێمە لە شێوازی بەکارهێنانی کاغەز و رۆتینێکی دوور و درێژ، گەیشتین بەوەی بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی و خێرا کارەکان ئەنجامبدەین، کە ئەمەش جێی دەستخۆشی و ئومێدە، قۆناغێکی نوێ و سەردەمیانەیە، بۆ ئەوەی لەمەودوا کاروباری هاووڵاتییان بە ماوەیەکی خێراتر و بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئەنجامبدرێن، دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە کاریان لە سیستەمەکەدا کردووە و پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەم".

لەبارەی ئەو سیستەمە نوێیە، هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەم سیستەمە لە دوو خاڵی سەرەکی پێکدێت: زانیارییەکانی سەر مۆڵەتی شۆفێرییەکە گرێدراوی سیستەمێکی ناوەندی دانیشتوانە، کە ناسنامەی کەسییان لێ دروست دەکرێت. ئەم ناسنامە دیجیتاڵییە دواتر زۆر گرنگ دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی هەموو خزمەگوزارییەکانی حکومەت، هەروەها هەموو زانیارییەکانی هاووڵاتیان لە سەنتەری زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیی پارێزراو هەڵگیراون، مۆڵەتەکان بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای چاپکردن دەردەکرێن".

گوتیشی: "ئەم سیستەمە مەترسییەکانی ساختەکردنی مۆڵتەکانی شۆفێری کەمدەکاتەوە، چونکە خاوەنی هەر مۆڵەتێک ژمارەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە و هەموو زانیارییەکانی لەسەر تۆمارکراوە. لایەنی پەیوەندیدار دەتوانێت بە خێرایی پشتڕاستی زانیارییەکان بکاتەوە".