ئه‌مشه‌و بارسێلۆنا و مان سیتی رووبه‌ڕووی یه‌كترده‌بنه‌وه‌

پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری مان سیتی و چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری بارسێلۆنا
پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری مان سیتی و چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری بارسێلۆنا

لە یارییەکی دۆستانە و خێرخوازیدا ئه‌مشه‌و بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی له‌ هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا رووبەڕوو دەبنەوە.

ئەمشەو کاتژمێر 10:30 بە کاتی کوردستان بارسێلۆنا لە یارییەکی دۆستانە و خێرخوازی لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نو میوانداريی مانچێستەر سیتی دەکات، داهاتی یارییەکەش بۆ نەخۆشانی ئیفلیجی دادەنرێت، یارییەکەش بە سپۆنسەری کارلۆس ئۆنزۆی گۆڵپارێزی مێژووییی بارسا دەکرێت کە ناوبراو خۆیشی تووشی نەخۆشیەکە بووە.

چاوەڕێ دەکرێت لە یارییەکەی ئەمشەو 51 هەزار هاندەر ئامادەبن، کە پێپ گواردیۆلا راهێنەری مان سیتی رووبەڕووی چاڤی هێرناندێزی یاریزانی پێشووی دەبێتەوە.

چاڤی بۆ ئه‌م یارییه‌ ته‌واوی یاریزانه‌كانی بانگهێشت كردووه‌ جگه‌ له‌ مارتن برایسوه‌یت و ساموێل ئۆمتیتی كه‌ ئه‌و دوو یاریزانه‌ له‌ پلانه‌كانی بارسێلۆنا بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ دوورخراونه‌ته‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ سێرجینیۆ دێست و مێمفیس دیپای بۆ یارییه‌كه‌ بانگهێشت كراون.

بڕیاره‌ پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و پرێس كۆنفرانسێك بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ چاڤی، گواردیۆلا و ئۆنزی به‌ڕێوه‌بچێت.