شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان پابەندی زمانی کوردی دەکرێن

"دەبێ زمانی کوردی لە تابلۆ و لیستی پێشکەشکردنی خواردنەکان زمانی سەرەکی بێت"
دیمەنێکی هاوینەهەواری بێخال - فۆتۆ: دەستەی گەشتوگوزار
دیمەنێکی هاوینەهەواری بێخال - فۆتۆ: دەستەی گەشتوگوزار

K24 – هەولێر

دەستەی گەشتوگوزار وادەیەک بۆ سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان دیاری دەکات، کە دەبێ لە تابلۆکان و لیستی پێشکەشکردنی خواردنەکان زمانی کوردی بکەن بە زمانی سەرەکی.

بە فەرمانێکی کارگێڕی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و بە واژۆی ئەمەل جەلال سەرۆکی دەتسی گشتی گەشتوگوزار، سەرجەم هۆتێل، مۆتێل، کافێ و ێستۆرانت و ئەو شوێنە گەشتیاریانەی خزمەتگوزاری گەشتیارییان تیاداپێشکەش دەکرێت، پابەند دەکات بەوەی پێویستە زمانی کوردی بکەن بە زمانێکی سەرەکی بۆ لیستی پێشکەشکردنی خواردنەکان و تابلۆی ناوی بازرگانی شوێنەکانیان، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش وادەی 15 رۆژ دیارکراوە.

لە فەرمانەکەدا هاتووە، لە دوو توێی 7 خاڵدا نووسراوە، پابەندکردنی سەرجەم ئەوشوێنانەی خاوەنی مۆڵەتی گەشتیارین، دەبێت زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی و یەکەم، پاشان هەر زمانێکی دیکەی بیانی بنووسرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و لیژنە تایبەتەکانی راسپێردراون، بۆ بەدواداچوون بە پەیوەست بوون، جێبەجێکردنی بڕیارەکە و سزای دیاریکراوی سەرپێچیکاران تۆمار دەکرێت.

بەگوێرەی ئەو فەرمانە هەر شوێنێکی گەشتیاری پابەند نەبێت، بۆ ماوەی سێ رۆژ دادەخرێت، لە ئەگەری دووبارە بوونەوە یان زیاتر شوێنەکە بۆ ماوەی 7 رۆژ تا لێسەندنەوەی مۆڵەتی گەشتیاری سزا دەدرێت.

فەرمانی دەستەی گەشتوگوزار
فەرمانی دەستەی گەشتوگوزار