ژمارەیەک بەرپرسی شارەوانی سلێمانی دەستگیرکران

بەرپرسانی بەشەکانی هونەری و ماستەرپلانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە ناو دەستگیرکراوان دان
باڵەخانەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی
باڵەخانەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی

K24 – هەولێر

دوو بەرپرسی دیاری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە تۆمەتی "بەهەدەردانی" زەوەی و موڵکی گشتی، دەستگیر کراون و باس لە تێوەگلانی چەند بەرپرسێکی دیکە لەو دۆسیەدا دەکرێت.

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بۆ کوردستان 24 ئاشکرای کرد، چەند رۆژ لەمەوپێش بەرپرسانی بەشی هونەری و ماستەرپلانی شارەوانی سلێمانی بە تۆمەتی "بەهەدەردانی" زەوی و موڵکی گشتی، دەستگیر کراون.

بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە کە لەسەر داوای خۆی ئاماژە بە ناوی ناکرێت، ئێستا لێکۆڵینەوە لە چەند بەرپرسێکی دیکەی سەرۆکایەتی شارەوانی دەستیپێکراوە.

سەرچاوەکە گوتی: ئەوانەی پێشتریش لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بەرپرسیارێتیان هەبووە، لیژنەیان لەسەر پێکهاتووە، بۆ نموونە سەرۆکی پێشووی شارەوانی و بەرپرسی پێشووی زیادەڕۆیی لە شارەوانی.

هەفتەی ڕابردوو بە ئامانجی رێگریکردن لە دەست بەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی گشتی و سەرانە وەرگرتن لە هاووڵاتیان، لەسەر داوای سەرۆکی شارەوانی، هێزی کۆماندۆ لەناو بینای سەرۆکایەتی شارەوانی جێگیر کران و چەند ڕۆژێکیش مانەوە.