فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ 30 ده‌نگده‌ری دهۆك ده‌رچوو
K24 – دهۆك:
كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، 30 ده‌نگده‌ری دهۆكی به‌وه تۆمه‌تبار كردووه، كه زیاتر له جارێك ده‌نگیان داوه، دوای تۆماركردنی سكاڵا له دژیان، دادگا بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی بۆ ده‌ركردن.
هه‌ڵبژاردنی گشتیی له عێراق، رۆژی (10ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2021) به‌ڕێوه‌چوو.
كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق سكاڵای له دژی هه‌زاران ده‌نگده‌ر له ناوچه جیاجیاكانی عێراق تۆمار كردووه و دادگا بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی بۆ ده‌ركردوون.
له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵاكانی كۆمیسیۆن، دادگا بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی بۆ 3 هه‌زار و 800 ده‌نگده‌ر ده‌ركردووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له باره‌ی ئه‌و دۆسییه‌وه، بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد، له‌و ژماره‌یه‌ی سكاڵایان له دژ تۆماركراوه، زۆرینه‌ی ره‌هایان له هه‌ولێرن و ژماره‌یان 2 هه‌زار و 300 كه‌سه.
له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵاكانی كۆمیسیۆن دوێنێ له دهۆك 30 ده‌نگده‌ر به تۆمه‌تی ساخته‌كاری له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن رێككاری دادوه‌رییان له دژ گیرایه به‌ر.
په‌یامنێری كوردستان24 له دهۆك رایگه‌یاند، 17 كه‌س له‌وانه‌ی له لایه‌ن دادگاوه داواكراون، ئافره‌تن.
له به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌دا، داواكراوه‌كان وته‌یان لێوه‌رگیرا و به كه‌فاله‌ت و تا رۆژی دادگاییكردن ئازاد كران.
به‌شێك له‌و ده‌نگده‌رانه‌ی دهۆك، كه دۆسییه‌یان له دژ جوڵێندراوه، تۆمه‌ته‌كانی كۆمیسیۆن ره‌تده‌كه‌نه‌وه و هه‌ندێكیان ده‌ڵێن، ئه‌و رۆژه هه‌ر ده‌نگمان نه‌داوه.