ئەمەریکا هەڕەشە لە ناوەندە دارایی و ئابوورییەکانی تورکیا دەکات

رووسیا دەتوانێت لە رێگەی بانک و ناوەندە داراییەکانی تورکیاوە، لە گەمارۆکانی ئەمەریکا بسووڕێتەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی دارایی ئەمەریکا نامەیەکی بۆ یەکێتی وەبەرهینەرانی تورکیا ناردووە و نیگەرانی خۆی لە فراوانبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا دەربڕیوە و ئەنقەرەی لە گەمارۆ ئابوورییەکان ئاگادار کردووەتەوە.

توسیاد، گەورەترین یەکێتی وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکانی تورکیایە و رۆژی چوارشەممە (24ـی ئاب)، ئاشکرای کرد کە نامەیەکی لە وەزارەتی دارایی ئەمەریکاوە پێگەیشتووە.

لەو نامەیەدا دووپاتکراوەتەوە، ئەگەر بانک و ناوەندە پیشەسازییەکانی تورکیا درێژە بە هاوکاری لەگەڵ رووسیا بدەن، رەنگە گەمارۆیان بخرێتەسەر.

سەرەڕای ئەوەی تورکیا لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا هەڵوێستی بێلایەنانەی هەبووە، بەڵام بە پێی قسەی بەرپرسانی ئەمەریکی، رووسیا دەتوانێت لە رێگەی بانک و ناوەندە داراییەکانی تورکیاوە، لە گەمارۆکانی ئەمەریکا بسووڕێتەوە.

سەرۆکانی ئەنقەرە و مۆسکۆ دوو هەفتە لەمەوپێش لە شاری سۆچی رووسیا، بڕیاریان دا پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان پەرەپێبدەن.

بە پێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هەناردەی تورکیا بۆ رووسیا 50٪ زیادیکردووە، هەروەها هاوردەی نەوت لە رووسیاوە بۆ تورکیا زۆر زیاتر بووە.

تا ئێستا ئەنقەرە کاردانەوەی بەرامبەر بەو نامەیەی وەزارەتی دارایی ئەمەریکا نیشان نەداوە.