کەسێکی دیکە لە سلێمانی پارەی هاووڵاتییانی بردووە

بە بیانووی وەرگرتنی ڤیزا 10 هەزار دۆلاری لە هاووڵاتیان وەرگرتووە و خۆی ونکردووە
یەکێک لەو هاووڵاتیانەی پارەی داوە بەو کەسە
یەکێک لەو هاووڵاتیانەی پارەی داوە بەو کەسە

K24 - سلێمانی

ماوەی دوو مانگە كەسێك لە سلێمانی، بە بیانووی وەرگرتنی ڤیزا و کڕینی ئۆتۆمبێل، زیاتر لە 10 هەزار دۆلاری لە ژمارەیەک هاووڵاتی وەرگرتووە و خۆی ونکردووە.

ئەکێک لەو هاووڵاتییانەی پارەی بەو کەسە داوە ئافرەتێکە و داوای کرد کە ناوەکەی نەنووسرێت ئەو بە کوردستان24ی گوت: "ئەو کەسەی پارەی لە ئێمە وەرگرت ناو ( ع. ع)یە، خۆی بە ئێمە ناساند بەناوی هەژار، ئەو بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک بوو بەناوی لازیلاك، ئێستا هیچ بەرپرس لە بەرپرس و کارمەندانی کۆمپانیاکە دیارنەماون".

ئەو كەسەی ئەو كارەی كردووە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بانگەشەی كردووە، ئەو كەسانەشی كە پارەكانیان خوراوە دەڵێن نووسینگەی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەكەی سلێمانی هەبووە و ئێستا ئەوەشی نەماوە.

جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوەكەی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "كۆمەڵە خەڵكانێك هەیە ئەوانەی كە مۆڵەتی فەرمی كۆمپانیایان هەیە نووسینگەیەك دادەنێن، ئەمە پەیوەندی بە ئاسایشی ئابوورییەوە هەیە، پێویستە بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەم نووسینگانە بكات، بزانن باگراوندی مێژووی و مامەڵەی ئەو كەسانە چۆنە و لە چ بوارێكدا كار دەكەن؟".

دیاردەی بردنی پارەی هاووڵاتیان لەژێر ناوی جۆراوجۆر لە زیاد بووندایە، دواجار هاووڵاتیان دەبنە قوربانی، دووبارە بوونەوەی فێڵكردن لە هاووڵاتیان وایكردووە یاساناسان داوا بكەن خەڵك چاوكراوەتربن، بزانن پارەكانیان بەكێ دەدەن، بۆ ئەوەی دواتر دووچاری گرفتی هاوشێوەی ئەم كێشەیە نەبن.