"لەبەرامبەر بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنەی تەرمی هاوسەرەکەی 16 ملیۆن دۆلاری وەرگرت"

بەهۆی تێکشکاندنی هێلیکۆپتەرەکەیەوە گیانی لەدەستدا
کۆبی براینت لەگەڵ ڤانیسا براینت-ی هاوسەری - فۆتۆ: AFP
کۆبی براینت لەگەڵ ڤانیسا براینت-ی هاوسەری - فۆتۆ: AFP

K24 - سلێمانی:

دادگای لۆس ئەنجلس لە ئەمەریکا بڕیاریدا بە قەرەبووکردنەوەی خانمە نمایشکاری ئەمەریکی ڤانیسا براینت بە بڕی 16 ملیۆن دۆلار، لە بەرامبەر بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنەی تەرمی شێواوی کۆبی براینتی هاوسەری کە لە ساڵی 2020 بەهۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

کۆبی براینت، ئەفسانەی یاری باسکەی ئەمەریکی، رۆژی 26ی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لەگەڵ یەکێک لە کچەکانیدا بەهۆی تێکشکاندنی هێلیکۆپتەرەکەیەوە لە باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیا گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای لۆس ئەنجلس، ئەندامانی ئەنجومەنی ویلایەتەکە و بەرگری شارستانی بەشێوەیەکی نایاسایی وێنەی تەرمی کۆبی برایەنتیان گرتووە و بڵاویان کردووەتەوە، لەکاتێکدا وێنەگرتنی تەرمی هەر رووداوێک کاری ئەوان نییە و ئەوەشی کە کردوویانە بەهۆی کەمیی ئەزموونیانەوە بووە.

لەسەر بنەمای ئەو داوایەی کە ڤانیسا براینت پێشکەشی دادگای کردبوو، دادگا بڕیاری قەرەبووکرنەوەی ڤانیسایدا بە بڕی 16 ملیۆن دۆلار، قەرەبووەکەش بەم جۆرە بڕیاری لەسەر دراوە:.

2 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار دەدرێت بە ڤانیسا براینت لەپای ئەو ئازارە دەروونییانەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەکە چەشتوویەتی، هاوکات 12 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار قەرەبووی گرفتە دەروونییەکانی داهاتووی دەکرێتەوە کە بەهۆی وێنەکەوە دەیچێژێت، یەک ملیۆن دۆلاریش بۆ ئەو زیانانەی لە ماوەی رابردوودا بەریکەوتوون، بەوەش کۆی قەرەبووەکەی دەگاتە 16 ملیۆن دۆلار.

کۆبی براینت، ئەستێرە و ئەفسانەی یاری باسکە لە ئەمەریکا، لە ماوەی یاریکردنیدا پێنج جار بووە بە پاڵەوانی خولی باسکەی ئەمەریکی، ساڵی 1996 دەستی بە یاری کردووە، تاوەکو ساڵی 2016 کە وازی لە یاری باسکە هێنا لەگەڵ یانەی لۆس ئەنجلس لیکەرزدا یاری کردووە.

ئا: ئالان نازم