كه‌مال محه‌ممه‌د: حکومەت بۆ هه‌ر لیترێك به‌نزین  بڕی 280 دینار له‌جیاتی هاووڵاتیان ده‌دات

له‌ ماوه‌ی رابردوودا 280 به‌نزینخانه‌ به‌ هۆی ده‌ستكاریكردنی كوالێتی به‌نزینه‌وه‌ سزا دراون
كه‌مال محه‌ممه‌د، وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت
كه‌مال محه‌ممه‌د، وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت

K24 – هه‌ولێر:

كه‌مال محه‌ممه‌د، وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ وه‌كاله‌ت، رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگ و نیودا 280 به‌نزینخانه‌ به‌ هۆی ده‌ستكاریكردنی كوالێتی به‌نزین سزادراون.

له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، كه‌مال محه‌ممه‌د، وتیشی: ئه‌و به‌نزینه‌ی ئێستا به‌رده‌سته‌، له‌ ئاستی موحه‌سه‌نه‌ و ژماره‌ی ئۆكتانی له‌ سه‌رووی 92ـه‌ و هه‌ر لیترێك به‌ بڕی هه‌زار و 60 دینار له‌سه‌ر حكومه‌ت ده‌كه‌وێت، بەڵام حکومەت بۆ هه‌ر لیترێك  بڕی 280 دینار له‌جیاتی هاووڵاتیان ده‌دات.

له‌ باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌، وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت وتیشی: كێشه‌ی به‌نزین له‌ ماوه‌كانی رابردوودا بۆ پابه‌ندنه‌بوونی حكومه‌تی به‌غدا به‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ پێشتر له‌‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا واژوو كرابوو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا رۆژانه‌ بڕی ملیۆنێك و 25 هه‌زار تا ملیۆنێك و 500 هه‌زار لیتر به‌نزین بۆ هه‌رێمی كوردستان دابین بكات، به‌ڵام ته‌نیا تا 2ی ئایاری ئه‌مساڵ حكومه‌تی به‌غدا پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بووه‌.