نرخی وزە لە بەریتانیا بە رێژەی سه‌دا 80 بەرزکرایەوە

له‌ به‌ریتانیا پێشبینی دەکرێت بەو بڕیارە رێژەی هەڵاوسان زیاتر بەرزبێتەوە و قەیرانی گوزەران قووڵتر بێتەوە
له‌ به‌ریتانیا پێشبینی دەکرێت بەو بڕیارە رێژەی هەڵاوسان زیاتر بەرزبێتەوە و قەیرانی گوزەران قووڵتر بێتەوە

K24 -هه‌ولێر:

بەرزترین ئاستی نرخی وزە لە بەریتانیا بە رێژەی سەدا 80 زیادکرا و لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێشبینی دەکرێت بەو بڕیارە رێژەی هەڵاوسان زیاتر بەرزبێتەوە و قەیرانی گوزەران قووڵتر بێتەوە.

دەسەڵاتی رێکخستنی وزەی بەریتانیا ناسراو بە ئۆفگیم رایگەیاند، بەرزترین ئاستی نرخی وزە بۆ هەر خێزانێک ساڵانە لە 1971 پاوەندەوە بۆ 3549 پاوەند بەرزکرایەوە، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی وزە لەسەر ئاستی جیهاندا دەگەڕێتەوە، بە تایبەت لە دوای جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە.

لەو بارەیەوە سادق خان پارێزگاری لەندەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر بڵاویکردووە، دەرهاویشتەی قەیرانی وزە لەسەر خێزانەکانی بەریتانیا بەراورد بە قەیرانی ئابووری جیهان لە 2008 زۆر زیاترە.