کەسێك لە نۆرەی وەرگرتنی گاز لە کەرکووك کوژرا

پۆلیسی کەرکووک
پۆلیسی کەرکووک

K24 - هەولێر:

لە نۆرەی وەرگرتنی گاز لە گەڕەکێکی شاری کەرکووک شەڕ و دەمەقاڵێ دروستدەبێت و تەقە دەکرێت، لە ئاکامی تەقەکاندا کەسێک گیان لەدەستدەدات و یەکێکی دیکەش بریندار دەکرێت.

عەقید هەڤاڵ بەرزنجی، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی عروبە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە نۆرەی وەرگرتنی گازدا شەڕ و دەمەقاڵێ دروستبووە و کەسێک تەقەی کردووە، لە شەڕەکەدا دوو کەس برینداربوونە و تەقەکەرەکەش لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە.

بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی عروبە راشیگەیاند، یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکەش لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

شاحەیتاڵێک کە لە گەڕەکی قادیسیەی یەك لە شوێنی رووداوکە بووە بە کوردستان24ـی گوت، "چەند رۆژێکە لێرە نۆرەی وەرگرتنی گاز هەیە، رۆژانە بەهۆی سەرەی گازەوە قەرەباڵغییەکی زۆر دروستدەبێت و نۆرەبڕی دەکرێت، ئەمڕۆش لە نۆرەکەدا، شەڕ لەنێون چوار هاووڵاتی کورد و چوار هاووڵاتی بەرەگەز عەرەب دروستبووە و یەکێک لەوانە، بە دەمانچە تەقەی کردووە".

ئەو شایەتحاڵە باسی لەوەکرد، رۆژانە بەهۆی نۆرەی وەرگرتنی گازەوە، لێرە شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان نۆرەگراندا دروستدەبێت.