یەکێتیی تۆپی پێی ئوسترالیا لە پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیا بۆ خوار 20 ساڵ لە بەسرە کشایەوە

"بڕیارەکە دوای تەقینەوەکەی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆی بەغدا دێت"

K24 - سلێمانی:

دوای تەقینەوەکەی ئەمڕۆی بەغدا، یەکێتیی تۆپی پێی ئوسترالیا لە پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیا بۆ خوار 20 ساڵ لە شاری بەسرە کشایەوە.

یەکێتیی تۆپی پێی ئوسترالیا لە راگەیەندراوێکدا کە لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێتی تۆپی پێی ئاسیایان ئاگادارکردووەتەوە کە بە هۆکاری ئەمنی لە پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیا بۆ خوار 20 ساڵ دەکشێنەوە.

بڕیاربوو لە نێوان 10 بۆ 18ی مانگی داهاتوو لە شاری بەسرە لە باشووری عێراق پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیا بۆ خوار تەمەنی 20 ساڵ بەڕێوەبچن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بڕیارەکە دوای هەڵسەنگاندنی ورد دێت لەسەر بنەمای رێنماییەکانی باڵوێزی ئێستای ئوسترالیا لە عێراق".

هاوکات ئەو بڕیارە دوای ماوەیەکی کەم دێت لە تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی دیپلۆماسی ئوسترالیادا لە نزیک ناوچەی سەوز لە بەغدا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە ناوچەی قادسییە لە نزیک دەرگازی ناوچەی سەوز بەغدای پایتەخت بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی دیپلۆماسی باڵوێزخانەی ئوسترالیا تەقییەوە، کاروانەکە لە فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتییەوە بەڕێگاوە بوو بەرەو ناوچەی سەوز.

بەپێی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، "بۆمبەکە بچووک بووە و دروستکراوی ناوخۆ بووە".

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تەقینەوەکەدا لە کاتێکدایە کە ستافی دیپلۆماسی ئوسترالیا لە هەوڵدایە بۆ نێوەندگیری لەنێوان موقتەدا سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی تەقینەوەکەی کرد و جەختیکردەوە، لە پابەندبوونی بۆ پاراستنی کونسوڵخانە و دیپلۆماتکار و کارمەندانی بیانی.