کەرکووک.. لە گوندی چەخماخە شەڕ لەنێوان جووتیارانی كورد و عەرەب روویدا

K24 - کەرکووک:
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی چەخماخەی خۆرهەڵاتی كەركووك ژمارەیەك جوتیاری عەرەب هەڵیانكوتاوەتە سەر جووتیارانی كورد و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هەردوولادا روویداوە.
كوێخا عومەر شاسوار، موختاری گوندەكە بە كوردستان24ی راگەیاند، ئەو عەرەبانەی هاتووبەتەسەر گوندەكەمان داگیركەرن و دوای شانزەی ئۆكتۆبەر300 دۆنم زەوی جووتیارانی كوردییان داگیركردووە و هاتنەكەشییان بەئامانجی سوكایەتیكردن و ترساندنی هاووڵاتییانی كورد بووە لە گوندەكە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەنجامدا شەڕ لەنێوان هەردوولا روویداوە و بریندار لە هەردوولا هەیە.
كوێخا عومەر شاسوار گوتیشی: لە شەڕەكەدا چەك بەكارنەهاتووە و تەنیا بەدار بووە، ئەو عەرەبانە پاڵپشتی ئیدارەی كەركووكییان هەیە و دەسەڵاتدارن و بەردەوام فشار دەخەنەسەرمان بۆ ئەوەی بەیەكجاری گوندەكە چۆڵبكەین.
موختاری گوندی چەخماخە راشیگەیاند، لە كۆی 150ماڵی گوندەكە لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەر و كشانەوەی پێشمەرگە بەهۆی ناجێگیری دۆخی ئەمنی تەنیا حەوت ماڵ ماوین و بەرگری لە گوندەكە و ناسنامەی خۆمان دەكەین، داواشیكرد سەركردایەتی كورد و نوێنەرانی كورد هەوڵی جددە بدەن و بەرگرییان لێبکەن، بۆئەوەی گوندەكە بەیەكجاری چۆڵ نەكرێت.