پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی 14ـی پارتی دەستیپێکرد

کۆنگرەکە لە رۆژانی کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم یان سەرەتای تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت
ئیدریس هادی، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئیدریس هادی، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە 27ـی ئاب) دەستیپێکرد. پرۆسەکە نزیکەی مانگ و نیوێک دەخایەنێت و کۆنگرەکە لە رۆژانی کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم یان سەرەتای تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.

ئیدریس هادی، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، تەواوی ئەندامانی پارتی کە ناویان لە ناو داتابەیس هەیە و نوێکراوەتەوە، مافی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنی پێش کۆنگرە هەیە و رێگری لە هیچ کەسێکیش ناکرێت.

ئەو، بە رۆژنامەنووسانی گوت: ئەگەر تا 15ـی مانگی تشرینی یەکەم کارەکانمان تەواو کرد، کۆنگرە لە کۆتاییەکانی ئەو مانگەدا دەگیرێت، ئەگەرنا لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم دەبێت، ئەو کات رۆژەکەش دیاری دەکرێت.

بەپێی لێدوانی ئیدریس هادی، ئەندامانی سەرکردایەتی و لیژنەی هەڵبژاردن کە ٢١ کەسن، بەبێ هەڵبژاردن دەچنە کۆنگرە. هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، پێویستە چوار هەزار کەسی هەبێت و ئەگەر نەگەیشتە ئەو رێژەیە، چەند ناوچەیەک تێکەڵ دەکرێن بۆ ئەوەی ژمارەکە تەواو بێت. لە هەر بازنەیەک، چوار کەس دەچنە کۆنگرە. کۆنگرەکە 800 ئەندامی دەبێت و 25٪ـی بۆ ئافرەتان دیاریکراوە.

ئیدریس هادی، سەبارەت بە رێنماییەکانی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە، گوتی: بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بەمەبەستی پرۆپاگەندە، کوتلە و کوتلەکاری، بانگهێشت و پارەبەخشینەوە قەدەغەیە و هەر کەسێک پێچەوانەی رێنماییەکان کار بکات، رێوشوێنی پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و لە کۆنگرە دوور دەخرێتەوە.