کۆڵۆمبیا هەوڵ دەدات بەرهەمهێنانی کۆکاین بەیاسایی بکات

یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بڕی کۆکاین بەرهەمدەهێنێت
کۆکاین
کۆکاین

K24 - هەولێر:

حکومەتی نوێی کۆڵۆمبیا لە بری سزادان، سیاسەتێکی دیکە بەرامبەر بەرهەمهێنەرانی رووەکە هۆشبەرەکان دەگرێتەبەر، بەمەبەستی بەیاساییکردنی بەرهەمهێنانی کۆکاین.

حکومەتی کۆڵۆمبیا، داوای گفتوگۆ لە بەرهەمهێنەرانی کۆکاین دەکات، لەسەر گواستنەوەی ئابوورییەکی یاسایی.

سەرۆکی کۆڵۆمبیا، گوستاڤۆ پێترۆ، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ ئەو ناوچەیەی کە زۆرترین بەرهەمی ماددە هۆشبەرەکانی تێدایە لە جیهاندا، بانگهێشتی بەرهەمهێنەرانی کۆکاینی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەت سەبارەت بە گواستنەوە بەرەو ئابوورییەکی یاسایی.

هەرێمی کاتاتومبۆ لە کۆڵۆمبیا، ئەو ناوچەیەیە کە زۆرترین کۆکاینی تێدا چێنراوە، بەپێی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا 40 هەزار هێکتار کۆکاینی تێدا چێندراوە.

پێترۆ لە گوتارێکدا لە شارەوانی ئێل تارا گوتی: "پێموایە بیرۆکەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە کە یەکەم کۆبوونەوەی بەرهەمهێنەرانی کۆکاین لە کاتاتۆمبۆ بەڕێوەبچێت کە ناوچەیەکی هاوسنوورە لەگەڵ ڤێنزوێلا."

سەرۆکی نوێی وڵات، پیش دەستبەکاربوونی، بانگەشەی گۆڕینی رێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ جووتیارانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە، ئەو پێشتر رایگەیاندووە، ئەو کەسانە قوربانین و لەبری سزادان، دەبێت رێبازی دیکە بەرمابەریان بگیردرێتە بەر.

لە یەکەم سەردانیشیدا بۆ لای جووتیارانی رووەکە هۆشبەرەکان، پێی راگەیاندن، ئەوەی ئەوان گرتوویانەتەبەر، هەڵەیە و داهاتوویان وێران دەکات.

گوستاڤۆ پێترۆ گوتیشی: ئەگەر چاندنی گەڵای کۆکاین لە کاتاتومبۆ زیاد بکەین، توندوتیژی زیاد دەکات، مردن زیاد دەکات، کۆمەڵکوژی زیاد دەکات، سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان تیرۆر دەکرێن، گۆڕە بەکۆمەڵەکان زیاد دەبن."

حکومەتی کۆڵۆمبیا دەیەوێت بە رێگەی دانووستان، لەبری کشتوکاڵی نا یاسایی، پەرە بە کشتوکاڵی یاسایی و سیاسەتی دیکەی ئابووری بدات و بە گفتوگۆ ئەوەی پێویست بێت بە بەرهەمهێنانی یاسایی کۆکاین، رێگەی پێبدات و بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵیش لەم ناوچانە زیاد بکات لە رێگەی هاوکاریکردنی جوتیاران و پەرەپێدانی بەرهەمی دیکەی یاسایی.

ناودارترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا لەدایکبووی کۆڵۆمبیایە، کە ئەویش (پابلۆ ئیمیلیۆ ئیسکۆبار گاڤیریا)ـەو ساڵانێك خاوەنی 80%ـی ئەو کۆکاینە بوو کە هەناردەی ئەمەریکا دەکرا، هەروەها لە کاتی گەیشتنی بە لووتکەی دەوڵەمەندی، ساڵانە نزیکەی 22 ملیار دۆلار داهاتی هەبوو.

پابلۆ ئیسکۆبار بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دەزگا هەستیارەکانی دەوڵەت هەوڵیدا بچێتە نێو حکومەتەوە، بەڵام پاش ئاشکرابوونی ناسنامەی راستەقینەی بۆ خەڵک و حکومەتی ئەوکاتەی کۆڵۆمبیا، هەوڵەکانی شکستی هێنا و وەك تاوانبارێك مامەڵەی لەگەڵ دەکرا.

دوای دەستنیشانکردنی شوێنەکەی لەلایەن پۆلیسەوە، لە کانوونی یەکەمی ساڵی 1993، لە ناوچەی لۆس ئۆلیڤۆس سەر بە شاری مێدێلین، ئیسکۆبار لەکاتی هەڵهاتنی لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.