جەمیل بایک: گەڕانەوەی رژێمی سوریا بۆ رۆژئاوای کوردستان لە کۆبوونەوەی تاران رێککەوتنی لەبارەوە کراوە

جەمیل بایک
جەمیل بایک

K24 - هەولێر:

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە رایدەگەیەنێت، تورکیا و رووسیا و ئێران لەسەر گەڕانەوەی رژێمی سوریا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان رێککەوتوون.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی گروپی پێکهاتەکانی کوردستانی کەجەکە بە کەناڵی ستێرک تیڤیی سەر بە پەکەکەی راگەیاند، تورکیا و رووسیا و ئێران لە کۆبوونەوەی تاران رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەنقەرە و دیمەشق جارێکی دیکە دانوستان بکەن و رژێمی سووریا ببێتە دەسەڵات لە رۆژئاوا کوردستان.

بایك هه‌روه‌ها رایگه‌یاند كه‌ ئه‌ردۆغان و پوتن له‌ سوچی رێككه‌وتنێكی دیكه‌یان له‌ دژی رۆژئاوای كوردستان كردووه‌.

بە وتەی بایک، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای تاران بۆ وەرگرتنی بەڵێنی زیاتر چووەتە سوچی و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رێککەوتنی دووەمی کردووە. هەروەها زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکان لە رۆژئاوای کوردستان لە ئەنجامی ئەم رێککەوتنەدایە.

لەلایەکی دیکەوە، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی تورکیا گلەیی لە رووسیا دەکات.

رۆژی (19ی تەممووز/ یۆلیۆی 2022)، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە تاران کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو: "تەواوی هەوڵەکان بۆ سەپاندنی راستیی گۆڕەپانی شەڕ بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و لەوانە پرسی نایاسایی خۆسه‌ری (ئۆتۆنۆمی) رەتکرایەوە و ئامادەیی نیشان درا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەوڵێکی جیاخوازانە لە ئاراستەی لاوازیی دەسەڵات و یەکپارچەیی خاکی سووریا و هەڕەشە دژی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی هێرش و دزەکردن لە دەرەوەی سنوورەکانەوە".

سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، "لەبارەی دۆخی باکووری سووریا کرا ئەوە دووپات کرایەوە، کە جێگیربوونی ئاسایش لەو ناوچەیەدا تەنیا لە رێگەی پاراستی دەسەڵات و یەکپارچەیی ئەو وڵاتەوە دەبێت و هەر بۆیە بڕیار درا، هەوڵەکان یەکبخرێن".

پوتن و ره‌ئیسی و ئه‌ردۆغان
پوتن و ره‌ئیسی و ئه‌ردۆغان