ئەمەریکا باڵیۆز بۆ جەمسەری باکوور دیاری دەکات

ئاڵای چەندین وڵات لە جەمسەری باکوور
ئاڵای چەندین وڵات لە جەمسەری باکوور

K24 – هەولێر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار، باڵیۆزی "تایبەت و گەڕۆک" بۆ جەمسەری باکووری دیاری دەکات.

ئامادەبوونی سەربازیی زیاتری رووسیا و جێگیربوونی چەندین ناوەندی لێکۆڵینەوەی چین لەو ناوچەیەدا، بوونەتە هۆی ئەوەی ئەمەریکا باڵیۆز بۆ جەمسەری باکوور دابنێت.

وێدانت پاتل، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، جۆو بایدن دەیەوێت باڵیۆزێک بۆ جەمسەری باکوور بە مەبەستی هاوئاهەنگی لەگەڵ رووسیا، کەنەدا، دانیمارک، نەرویج، ئایسلەند و سوید دیاری بکات.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش دەڵێت: سەقامگیری و ئاشتی لە جەمسەری باکوور، گرنگییەکی ستراتیژی هەیە و بۆ واشنتن کارێکی لەپێشینەیە.

بڕیارە باڵیۆزەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە دەستنیشان و دواتر بە مەبەستی پەسندکردنی رەوانەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بکرێت.

هاوکات یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کاتی سەردانیدا بۆ ناوچە باکوورییەکانی کەنەدا، گوتی: توانا و تاقیکردنەوە سەربازییەکانی رووسیا لە جەمسەری باکوور، بوونەتە کێشەی ئەندامانی ناتۆ.

ئەو، هەروەها نیگەرانی خۆی لەبارەی ئامادەبوونی زیاتری چین لە جەمسەری باکوور بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی، دەربڕی.