زوکربێرگ: کاتم نییە فەیسبووک بەکاربهێنم

"دەمەوێت منداڵەکانم بۆ مەبەستی جیاواز تەکنەلۆجیا بەکاربهێنن"
مارک زوکربێرگ
مارک زوکربێرگ

K24 - هەولێر:

مارک زوکربێرگ، دامەزرێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا دەڵێت، "کاتی ئەوەم نییە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنم".

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا لە پۆدکاستێکی تایبەتدا پرسیاری لێکرا کە ئایا کاتەکانی خۆی و خێزانەکەی بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سنووردار کردووە؟ لە وەڵامدا گوتی: رۆژانە هێندە کار و ئەرکم هەیە، ئەوەندە کات نامێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

مارک زوکربێرگ و هاوسەرەکەی پرسیلیا چان، خاوەنی دوو کچن بە ناوەکانی (ماکسیما و ئۆگەست) کە باسیان لەوەکرد، کاتی پێش چوونە جێگەی خەو، چێژ لە فێربوونی کۆد و پرۆگرامسازی دەبینن.

زوکربێرگ لەبارەی منداڵەکانییەوە گوتی: "منداڵەکانم، تەمەنیان پێنج و شەش ساڵانن، هێشتا زۆر منداڵن، بۆیە ئەوان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن، من دەمەوێت ئەوان بۆ مەبەستی جیاواز تەکنەلۆجیا بەکاربهێنن، فێری کۆدنووسینیان دەکەم، ئەوە دەرچەیەکی داهێنانە".

زوکربێرگ ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای نەبوونی کات بۆ بەکارهێنانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، رۆژانە بە نامەی تایبەت گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێ و ناسیاوەکانی دەکات، بەڵام تەماشای تەلەفزیۆن ناکات، چونکە دەیخاتە "بارێکی دەروونی سەیر"ـەوە.