لە فەرمانگەکانی کارەبا مامەڵەی هاووڵاتیان دەکرێت بە ئەلیکترۆنی

"سیستمێکى پێشکەوتووە و ئاسانکارى بۆ هاووڵاتیان دەکات"

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، مامەڵەى هاوبەشیکردنى کارەبا بە ئەلیکترۆنى دەکرێت، کە دەبێتە هۆی ئاسانکاریکردن بۆ هاووڵاتیان.

لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانیدا ئاماژە بەوەدراوە، "ئەمڕۆ یەکشەممە 28/8/2022 ئەندازیار کامیل قەزار، بریکارى وەزارەتى کارەبا بە یاوەرى لیژنەى باڵاى تۆڕى زیرەکى کارەبا، سەردانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانى کرد و لەلایەن ئەندازیار سالار حسامەدین، بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى سلێمانى پێشوزاریکرا".

ئەوەشخراوەتەڕوو، کە بە ئامادەبوونى بەشی کاروبارى وزەى بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى سلێمانى، کۆمپانیاى سۆفت ماکس، سیمینارێکى پێشکەش کردووە، دەربارەى (change management)  واتە بە ئەلیکترۆنیکردنى مامەڵەى هاووڵاتیان، کە بەمنزیکانە دەکەوێتەکار، کە سیستمێکى پێشکەوتووە و ئاسانکارى زۆر بۆ هاووڵاتیان دەکات لە رایکردنى کارەکانى لە فەرمانگەکانى کارەبادا.

بە ئەلکترۆنیکردنی مامەڵەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ، دادنووس و کارتی نیشتمانی جێبەجێکراوە.

لە کۆتایی ساڵی 2020ـەوە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستیکردووە بە بەستنی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشەکانی کارەبا، بەمەبەستی رێگریكردن لە بە فیڕۆدانی وزەی كارەبا.

خواست لەسەر کارەبا لە هەرێمی کوردستان، لە وەرزەکانی هاویندا زیاترە لە شەش هەزار مێگاوات، بەڵام توانای بەرهەمهێنان 3500 مێگاواتە، بەوهۆیەوە ماوەی دابەشکردنی کارەبای نیشتمانی بەسەر هاووڵاتیاندا بەگوێرەی وەرزەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، حکومەتیش هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بڕینی سەرپێچییەکانی کارەبا و زیاترکردنی رێژەی بەرهەمهێنان.