لە ناحیەی لەیلان چەکدارانی داعش په‌لاماری چوار شوانی كورد ده‌ده‌ن

زیره‌ك زاهیر، ئه‌و شوانه‌ی به‌ ده‌ستی چه‌كدارانی داعش شه‌هید كرا
زیره‌ك زاهیر، ئه‌و شوانه‌ی به‌ ده‌ستی چه‌كدارانی داعش شه‌هید كرا

K24 – كه‌ركووك:

له‌ ئه‌نجامی په‌لامارێكی چه‌كدارانی داعش له‌ سنووری ناحیه‌ی له‌یلان له‌ پارێزگای كه‌ركووك، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌نێوان چه‌كداره‌كان و چوار شوانی كورددا دروستبووه‌ و یەکێک لەچەکدارەکانی داعش كوژراوه‌.

سەرچاوەیەک بە پلەی عەمید لە پۆلیسی کەرکووک، هەواڵەکەی بۆ کوردستان٢٤ پشتڕاست کردەوەو رایگه‌یاند، دوو چه‌كداری داعش، لەچەمی رۆخانە لەسنووری ناحیەی لەیلان هێرشیان کردووه‌تە سەر چوار شوانی کورد، یەکێک لەشوانەکانیان شه‌هیدكردووه‌، لەبەرامبەردا شوانەکان به‌ ته‌قه‌ وه‌ڵامیانداوه‌ته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا یەکێک لە چەکدارەکانیان کوشتووەو یەکێکیانش هەڵهاتووه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی کوردستان٢٤، ئەو شوانەی له‌و په‌لاماره‌ی چه‌كدارانی داعش شه‌هیدبووه‌ ناوی (زیرەک زاهیرە) لە نەتەوەی کوردە و دانیشتووی گوندی بەیانلووە لەسنووری ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای کەرکووک.