زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن دانەوێڵەی ئۆکرانیا رەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراوە

ئۆکرانیا دەڵێت، 25 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی بۆ هەناردەکردن هەیە

K24 – هەولێر

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئابەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن دانەوێڵەی ئۆکرانیا رەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.

مانگی رابردوو (تەمووز) رێکەوتنی نێوان رووسیا، ئۆکرانیا و تورکیا، بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگریی ئەو وڵاتانە و ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئیمزاکرا و لە سەرەتای مانگی ئابەوە بە چاودێری تورکیا، هەناردەی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا دەستیپێکرد.

لە کاتی هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەناردەی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتەدا وەستابوو. ئۆکرانیا دەڵێت، 25 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی بۆ هەناردەکردن هەیە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا هەروەها رایگەیاندووە، هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بەردەوامە و رۆژی شەممەی رابردوو، سێ بەلەم بە باری 103 هەزار تۆن دانەوێڵەوە، بەندەرەکانی ئۆکرانیایان بەرەو ئاوەکانی تورکیا جێهێشتووە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی خۆراکی جیهانی، ئۆکرانیا تا پیش لە هێرشی سەربازی رووسیا، بازرگانیی 42٪ رۆنی گوڵەبەڕۆژە، 16٪ گەنمەشامی، 10٪ جۆ و 9٪ گەنمی جیهانی لەبەردەستدابوو.

لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا بە هۆی وەستانی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا، نرخی جیهانیی خۆراک زۆر بەرزبووەوە.