بە ڤیدیۆ.. ملیۆنێك ریاڵ دەدات بەو کەسەی براکەی بۆ بدۆزێتەوە

"هەتا کاتی دۆزینەوەی براکەمان ئاسوودە نابین"
کەسی ونبوو (تورکی عەبدولهادی بن سالم بن عومەر ئەلهواشی ئەلدۆساری)
کەسی ونبوو (تورکی عەبدولهادی بن سالم بن عومەر ئەلهواشی ئەلدۆساری)

K24 - هەولێر:

هاووڵاتییەکی سعوودی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لەوەکرد، یەك ملیۆن ریاڵی سعوودی کە دەکاتە نزیکەی 266 هەزار دۆلاری ئەمەریکی، دەدات بەو کەسەی برا ونبووەکەی بۆ بدۆزێتەوە.

فەیسەڵ ئەلدۆساری لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، "هەر کەسێك براکەم (تورکی عەبدولهادی بن سالم بن عومەر ئەلهواشی ئەلدۆساری) بۆ بدۆزێتەوە یەك ملیۆن ریاڵی سعوودی خەڵاتی دەکەم".

فەیسەڵ ئەلدۆساری پێشتر رایگەیاندبوو، کە براکەی ونبووە و پەیوەندی لەگەڵی نەماوە، جەختی لەوەشکردەوە، "هەتا کاتی دۆزینەوەی براکەمان ئاسوودە نابین، ئێمە متمانەمان بە هێزە ئەمنییەکانمان و کارامەییان هەیە لە مامەڵەکردنی بەپەلە لەگەڵ کەیسێکی لەوجۆرەدا، براکەمان ئەمانەتی دەستی ئەوانە".

تورکی عەبدولهادی بن سالم بن عومەر ئەلهواشی ئەلدۆساری لە رۆژی 2ـی ئابەوە لە هەلومەرجێکی تەمومژاویدا لە شاری ریاز دیارنەماوە، لەکاتی گەڕان بەدوایدا، ئۆتۆمبێلەکەی و کەلوپەلی تایبەتی خۆی دۆزراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شوێنەوارێکی خۆی بەدەرنەکەوتووە.