وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: نیوەی داهاتی وێستگەکانی کێشان (قەپان) بۆ چاککردنەوەی رێگاکانە

"لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 68 هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە 42 وێستگە کێشراون"
وێستگەیەکی کێشانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر
وێستگەیەکی کێشانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر

K24 - سلێمانی:

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نیوەی داهاتی وێستگەکانی کێشانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، بۆ چاککردنەوەی رێگاکانە و لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 68 هەزار بارهەڵگر لە 42 وێستگە کێشراون.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکارى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ کاروبارى ڕێگاوبان بە فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، وێستگەکانی کێشان بەگوێرەی ستانداردى جیهانییە و بۆ ڕەچاوکردنی کواڵێتى ڕێگاوبانەکانى کوردستانە بۆ ئەوەى بپارێزرێن لە تێکچوون و نەبنە مەترسى و زەحمەت بۆ سەر هاووڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشداوە، 50%ى داهاتی وێستگەکانی کێش دەچێتەوە بۆ خەزێنەى وەزارەتى دارایی و ئابوورى و ئەو 50%یەى کە دەمێنێتەوە بۆ وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە، کە ئەویش بەم شێوەیە دابەش دەبێت، 30%ى بۆ چاککردنى رێگا و بانەکان و ڕێگەى گوندەکان خەرجدەکرێت،  15%ـەشى بۆ خودى وێستگەکانى کێشانە، بۆ ئەوەى کەموکوڕى و کێشەکانیان چارەسەربکەن، ئەو 5%ـەى کە دەمێنێتەوە، دەگەڕێتەوە دیوانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە مەبەستى چارەسەرکردنى کەموکوڕى دیکە.

لە هەرێمی کوردستاندا 42 وێستگەی کێش هەیە کە 90 جۆر بارهەڵگرى جیاواز دەکێشن و دواتر رێگەیان پێدەدرێت، رێژەیەکی دیاریکراوی کەلوپەک هەڵبگرن و هاتووچۆ بکەن.

وێستگەکانی کێش بەمشێوازە دابەشبوون (13 لە هەولێر، 17 لە سلێمانی و 12 لە دهۆک) و کێشی رێپێدراوی باری ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکان، بەگوێرەی ئەکسلی ئۆتۆمبیل دیاریدەکەن.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە رۆژی 21ی ئابی 2022 بۆ 25ی ئابی 2022، کۆى ژمارەى بارهەڵگرە کێشراوەکانى نێو ئەو 42 وێستگەیە 68 هەزار و 891  بارهەڵگر بووە، کە 23 هەزار و 805 یان لە هەولێر، 27 هەزار و 607 یان لە سلێمانی و 17 هەزار و 479 لە دهۆک بووە، هەروەها 509 بار هەڵگریان، کێشەکانیان نا یاسایی بووە و سزادراون.