عێراق 1.6 ملیار دۆلار قەرزی گازی ئێران دەداتەوە

"ئاڵوگۆڕی گاز بە رێژەی سەدا 138 گەشەی کردووە"
ئاڵای عێراق و ئێران
ئاڵای عێراق و ئێران

K24 - هەولێر:

مەجید جەکنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی ئێرانی رایگەیاند، عێراق ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلار قەرزی کڕینی گازی بە وڵاتەکەیان داوەتەوە.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی ئێران لە نوێترین لێدوانی بۆ ئاژانسی فارس نیوز رایگەیاند، وەرگرتنەوەی ئەو بڕە لە چوارچێوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانە لەسەر عێراق لە بەرامبەر کڕینی گازی ئێران.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەشدا، ئاڵوگۆڕی گاز بە رێژەی سەدا 138 گەشەی کردووە، بە تایبەت ئاڵوگۆڕی گاز لەگەڵ ئەرمینیا و دانوستاندنەکان لەگەڵ چەندین وڵاتانی دراوسێیان.

روونیشی دەکاتەوە پێگەی ئێران بۆ بازرگانی گرنگە، هاوکات لەم سێ ساڵەی دواییشدا ئاستی پێوانەییان لە هەناردەکردنی چڕکراوەکان تۆمارکردووە. بەجۆرێک داهاتی هەناردەکردنی گاز 64% گەشەی کردووە و هەناردەکردنیش بۆ تورکیا 11% زیادیکردووە.