ئیبراهیم رەئیسی: رێبەری ئێران چەکی ئەتۆمی حەرامکردووە

"بوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا، بووەتە هۆی جێگیربوونی ئاسایش و سەقامگیری"
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران

K24 – هەولێر

ئیبراهیم رئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، عەلی خامنەیی رێبەری ئێران، چەکی ئەتۆمی "حەرام" کردووە، هەر بۆیە لە ناو سیاسەتی دەرەوەری وڵاتەکەیدا، جێگای نابێتەوە.

ئەمڕۆ (29ـی ئاب) ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی، وەک سەرۆککۆماری ئێران، تێپەڕی.

رەئیسی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا باسی لە یەک ساڵی کاری کابینەکەی کرد و سەبارەت بە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە چالاکییە ئەتۆمییەکان گوتی: پیشەسازی و توانایی ئەتۆمی، مافی کۆماری ئیسلامی ئێران و گەلەکەیەتی و بەردەوام دووپاتمانکردووەتەوە کە چەکی ئەتۆمی لە ناو سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا جێی نییە. رێبەری مەزنی شۆڕش [عەلی خامنەیی] حەرامیکردووە. حکومەت و بەرپرسانیش لە روانگەی شەرعی و سیاسەتی دەرەوەوە، رایانگەیاندووە کە چەکی ئەتۆمی لە ناو سیاسەتی ئێراندا جێی نابێتەوە.

ئەو هەروەها گوتی: پیشەسازیی ناووکی ئێران لە بوارەکانی کشتوکاڵ، نەوت و گاز، پزیشکی و زۆر بواری دیکەدا سوودی لێوەردەگیرێت.

ئیبراهیم رەئیسی لە بەشێکی قسەکانیدا، باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و چینی کرد و ئەندامێتی ئێرانی لە رێکخراوی هاوکاریی "شانگهای" بە "زۆر گرنگ" ناوهێنا و گوتی: بۆ وڵاتەکەمان زۆر گرنگە کە پشکمان لە بازرگانی و ئابووری ناوچەکەدا هەبێت.

ئەو گوتی: بوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا، بووەتە هۆی جێگیربوونی ئاسایش و سەقامگیری. هەڵبەت رۆڵی بازرگانی و ئابووریمان لە ناوچەکەدا بەو رادەیە نییە و پێویستە پەرەی پێبدەین".

ئیبراهیم رەئیسی دووپاتیکردەوە: ئێران هاوکاری زۆری لەگەڵ چین هەیە و دەمانەوێت زیاتری بکەین. بێگومان پرسە نێودەوڵەتییەکان کاریگەریان لەسەر ئەو پەیوەندییانە نابێت.