عێراق چوارەم هاوردەکاری نۆکی تورکیایە

عێراق 28 هەزار و 500 تۆن نۆکی لە تورکیا هاوردەکردووە
نۆک
نۆک

K24 - هەولێر:

فاهیت کیریشی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، عێراق چوارەم هاوردەکاری نۆکی وڵاتەکەی بووە لە ساڵی 2021ـدا.

کیریشی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی نۆک لە تورکیا لە پێنج ساڵی رابردوویدا 567 هەزار تۆن بووە، تەنیا لە ساڵی رابردوو 475 هەزار تۆن نۆک بەرهەمهێندراوە. پێشبینیشی کرد لەمساڵدا بەرهەمهێنانی نۆک بە رێژەی سەدا 22.1 بۆ 580 هەزار تۆن بەراورد بە ساڵی رابرووی بەرزبێتەوە.

وەزیری کشتوکاڵی تورکیا دەشڵێت، وڵاتەکەی زۆرینەی جۆرەکانی نۆکی هەناردە کردووە، کە ئێران لە پلەی یەکمدایە و بە رێژەی سەدا 14 هاوردەی کردووە، لە دوای ئەو پاکستان و سووریا لە پلەی دووەم و سێیەمدان و هەر یەکەیان سەدا 8ـیان هاوردەکردووە، عێراقیش لە پلەی چوارەمدایە و سەدا 6ـی هاوردەی پێکهێناوە کە دەکاتە 28 هەزار و 500 تۆن نۆکی هاوردەکردووە.

عێراق بەشێوەیەکی گەورە پشتی بە هاوردەکردنی بەرهەمە پاقلەمەنییەکانی تورکیا بەستووە، زۆرینەی جاریش تورکیا ئەو بەرهەمەی لە وڵاتانی دیکە هاوردەی کردووە، جارێکی دیکە هەناردەی عێراقی دەکاتەوە، بە تایبەت بەرهەمەکانی وەک فاسۆڵیای سپی و نیسک.