تورکیا بەڵێنی گەڕاندنەوەی 16 گەنجی هەرێمی کوردستان دەدات

ئەو گەنجانە ئێستا لە کەمپێکی تورکیا تایبەت بە ئاوارەسوورییەکاندا دەژین
کۆبوونەوەی شاندی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لەگەڵ جێگری کۆنسولی تورکیا لە هەولێر
کۆبوونەوەی شاندی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لەگەڵ جێگری کۆنسولی تورکیا لە هەولێر

K24 – هەولێر

کۆنسولخانەی تورکیا لە هەولێر، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدیدارەکانی وڵاتەکەی لەسەر هێڵە و بەڵێنی گەڕاندنەوەی ئەو 16 گەنجەی هەرێمی کوردستانی داوە کە ئێستا لە کەمپێکی تورکیا تایبەت بە ئاوارەسوورییەکاندا دەژین.

شاندێکی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 28ـی ئاب بە مەبەستی ئاگارداربوون لە رەوشی ئەو هاووڵاتیانە، سەردانی کۆنسولخانەی تورکیایان لە هەولێر کرد و لەگەڵ جێگری کۆنسول کۆبوونەوە.

رێبوار بابکەیی سەرۆکایەتی لیژنەکەی پەرلەمانی دەکرد و لەوبارەیەوە بە کوردستان٢٤ـی گوت: جێگری کۆنسولی تورکیا بەڵینیدا بەزووترین کات چارەنووسی ئەو هاونیشتمانییانە یەکلابکاتەوە و بۆ هەرێمی کوردستانیان بگەڕێننەوە.

هەفتەیەک لەمەوبەر، 15 گەنجی کورد کە دەیانەویست بە شێوەی نایاسایی لە تورکیاوە بچنە یۆنان، لەلایەن دەزگە ئەمنییەکانی تورکیاوە گیران.

بەپێی زانیارییەکانی رێبوار بابکەیی، ئەو گەنجانە کە زۆرینەیان خەڵکی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیانن، وەک هاووڵاتی سووری خۆیان بە دەزگە ئەمنییەکانی تورکیا ناساندووە، هەر بۆیە خراونەتە کەمپێکی تایبەت بە ئاوارەکانی سووریا.

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی دەڵێت: چەند رۆژیکە ئەو گەنجانە مۆبایلیان لێوەرگیراوە.

گەنجێکی دیکەش دوای ئەوەی لە تورکیا دەستگیرکراوە و خۆی وەک هاووڵاتی سووری ناساندووە، بە زۆرەملی رەوانەی کەمپی "عەزاز" لە ناو خاکی سووریا کراوە.

دکتۆر رێبوار بابکەیی، دووپاتیکردەوە، "ئەو ناوچەیە پارێزراو نییە و جێی مەترسییە".

ئەو گەنجە لە رۆژی 13ـی ئەم مانگە (ئاب) بۆ کەمپی "عەزاز" دیپۆرتکراوە و لە 16ـی مانگەوە بێهەواڵە.

رێبوار بابکەیی گوتی: ناسنامە و پاسپۆرتی ئەو هاونیشتمانیانەمان بە جێگری کۆنسولی تورکیادا و ئەویش بەڵێنیدا لە زووترین کاتدا رەوانەی هەرێمی کوردستانیان بکەنەوە.