ئەمەریکا جەخت لە عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر دەکاتەوە

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: لەگەڵ حکومەتێک کار دەکەین ئەجندای پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بێت
دیمەنێکی ئاڵۆزییەکانی بەغدا - 29/8/2022 - فۆتۆ: AFP
دیمەنێکی ئاڵۆزییەکانی بەغدا - 29/8/2022 - فۆتۆ: AFP

K24 – واشنتن

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لە عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، لەگەڵ حکومەتێک کاردەکەن سەروەری و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بپارێزێت.

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24، لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق گوتی: "ئێمە بە بەردەوامی جەختمان لە پابەندبوونی حکومەتی ئەمەریکا بە عێراقێکی بەهێز، سەقامگیر و خۆشگوزەران کردووەتەوە. بوونی پەیوەندییەکی درێژخایەن، قووڵ، فرەلایەن و ستراتیژی لەگەڵ عێراق لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی عێراق و ئەمەریکا دایە، ئێمە ئامادەین لەگەڵ حکومەتێک کاربکەین کە ئەجندای پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بێت".

گوتیشی: "ئێمە ئاگاداری ئەو راپۆرتانەین کە باس لە زیادبوونی گرژی و گیانلەدەستدانی چەندین کەس دەکەنەوە، هاوکات ئیدانەی بەکارهێنانی هەر هۆیەکی تووندوتیژین".

ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیە کە بە ئۆنلاین رێکخرابوو، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی ئێستای عێراق پرسێکی ناوخۆییە ئەوان قسەی لەسەر ناکەن، بەڵام هانی سەرجەم لایەنەکان دەدەن بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن.

رەتیشیکردەوە، کە باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا چۆڵکرابێت و رایگەیاند، بەرپرس و کارمەندەکانی باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا سەرقاڵی کاری خۆیانن.

ئا: عیسا حەسەن