یەک لەسەر سێی پاکستان ژێرئاو کەوتووە

مەزندە دەکرێت زیان بەر 33 ملیۆن پاکستانی کەوتبێت
ویلایەتەکانی بلوچستان و سێند، زیاتر لە ناوچەکانی دیکە زیانیان بەرکەوتووە
ویلایەتەکانی بلوچستان و سێند، زیاتر لە ناوچەکانی دیکە زیانیان بەرکەوتووە

K24 – هەولێر

وەزیری کاروباری هەرێمەکانی پاکستان، رایگەیاند کە یەک لەسەر سێی خاکی ئەو وڵاتە ژێر ئاو کەوتووە. سەرووی هەزار و 100 کەس بە هۆی لافاوەکانی ئەمدواییەی پاکستانەوە گیانیان لەدەستداوە.

شێری رەحمان، وەزیری کاروباری هەرێمەکانی پاکستان، دەڵێت: لافاو تەواوی ناوچەکانی پاکستانی گرتووەتەوە، کارەساتێکی گەورەیە و یەک لەسەر سێی خاکی وڵاتمان ژێر ئاو کەوتووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان تا ئێستا هەزار و 136 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بیلال بوتۆ، وەزیری دەرەوەی پاکستان بە تۆڕی هەواڵی "بی بی سی" گوت: یەک لەسەر سێی قوربانیان، منداڵن. ئێمە سەرقاڵی بەراوردی وردی زیانەکانین. مەزندە دەکرێت زیان بەر 33 ملیۆن پاکستانی کەوتبێت.

لافاو لە گەروی "وات"، پرد و شەقامەکانی وێرانکردووە و هەر بەو هۆیەشەوە دەستڕاگەیشتن بە ناوچەیەکی فراوان، ئەستەم بووە.

بەرپرسانی خۆجێی داوایان لە دانیشتووانی ناوچە کوێستانییەکان کرد کە ناوچەکانیان چۆلبکەن، بەڵام سەرەڕای بەکارهێنانی کۆپتەریش، تا ئێستا بەشیک لە خەڵک رزگارنەکراون.

شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان گوتی: گوند بە گوندمان وێران بووە و ملیۆنان خانوو رووخاون.

ئەو کەسانەی لە لافاو رزگاریان بووە، لە کەمپە کاتییەکاندا جێگیرکراون.

فەزڵ مەلەک، یەک لەو کەسانەی رزگاریبووە و ئێستا لە ناو قوتابخانەیەکدا جێگیرکراوە، بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا دەڵێت: ژیان لێرە کارەساتبارە، هەموو شتێکمان لەدەستچوو.

ویلایەتەکانی بلوچستان و سێند، زیاتر لە ناوچەکانی دیکە زیانیان بەرکەوتووە.

تێچووی زۆری ئاوەدانکردنەوە ئەو ناوچانەی بەهۆی لافاوەوە وێرانبوونە، حکومەتی پاکستانی نیگەرانکردووە، هەر بۆیە ئیسلامئاباد داوای یارمەتی ماددی لە ناوەندە داراییەکان، وڵاتانی دۆست و پشتیوانە نێودەوڵەتییەکان کرد.

زیاتر لە نیوەی بەرهەمی پەمۆی پاکستان ژێرئاو کەوتووە
زیاتر لە نیوەی بەرهەمی پەمۆی پاکستان ژێرئاو کەوتووە

وەزیری پلاندانانی پاکستان بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوت: بەپێی بەراوردە سەرەتاییەکان، 10 ملیار دۆلارمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان پێویستە.

بەپێی قسەی وەزیری پلاندانان، زیاتر لە نیوەی بەرهەمی پەمۆی پاکستان ژێرئاو کەوتووە و رووبەرێکی فراوان لە باغ و چەڵتووک. زیانیان پێگەیشتووە.

جوتیارێک بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسای گوت: 20 هەزار دۆنم چەڵتووکی ناوچەکانمان ژێرئاو کەوتووە، باشترین برنجی ناوچەکەی بۆ ئیمە و ئێوەی لێ بەرهەم دەهات، بەڵام ئێستا هیچ نەماوە.

لافاو بەشێوەیەک ویلایەتی سێندی گرتووەتەوە کە تیمەکانی فریاکەوتنی تووشی کێشە کردووە.

بەرپرسیکی سوپای پاکستان گوتی: بستێک وشکانی بۆ نیشتنەوەی کۆپتەر لەو ویلایەتەدا بەدی ناکرێت.